وەزارەتەکانی نەوتی عێراق و وزەی تورکیا: گرنگە لە زووترین کاتدا دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوت بکرێت
رووداو دیجیتاڵ
رۆژی 22ی ئابی 2023، وەزیری نەوتی عێراق لەگەڵ وەزیری وزە و سامانە سروشتییەکانی تورکیا لە ئەنقەرە کۆبووەوە و دواتر هەردوولا راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە دوای نۆژەنکردنەوەی بەشێک لە هێڵی بۆڕیی گواستنەوەی نەوت کە بەهۆی بوومەلەرزەکەی 6ـی شوباتی 2023 زیانی بەرکەوتووە، "گرنگە لە زووترین کاتدا دووبارە دەست بە هەناردەی نەوت بکرێت."
ئەوە لەکاتێکدایە، لە 25ـی ئادارەوە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لەلایەن تورکیاوە راگیراوە بەهۆى بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس. دادگەکە لەسەر سکاڵای عێراق لە دژی تورکیا بۆ هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری لە بەرژەوەندیی عێراق دا و لەسەر بنەمای ئەو بڕیارەش هەناردەکردنی نەوتی کوردستان راگیرا و تورکیا رایگەیاند، پابەند دەبێت بە بڕیارەکەوە.
دەقی راگەیێندراوەکە:
رۆژی 22ی ئابی 2023 حەیان عەبدولغەنی، یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری وزە و وەزیری نەوتی عێراق لەگەڵ ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سامانە سرووشتییەکانی تورکیا لە ئەنقەرە کۆبوونەوە.
وەزیرەکان باسیان لە هێڵی نەوتی عێراق - تورکیا و چەند بابەتێکی دیکەی جیاواز کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە دوای نۆژەنکردنەوەی بەشێک لە هیڵی بۆڕیی گواستنەوەی نەوت کە بەهۆی بوومەلەرزەکەی 6ـی شوبات زیانی بەرکەوتووە، گرنگە لە زووترین کاتدا دووبارە دەست بە هەناردەی نەوت بکرێت.
هەروەها وەزیرانی هەردوولا سەبارەت بە پێشخستنی هاوئاهەنگییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە بابەتەکانی وزە، کارەبا و وزەی نوێکراوە بیروڕایان ئاڵوگۆڕ کرد.
هەردوو وەزیر کە هاوسەرۆکی لیژنەی هاوبەشی ئابووریی تورکیا - عێراقن، بریاریاندا 19یەمین کۆبوونەوەی لیژنەکە لە بەغدا بەڕێوەبچێت.