یەدەگی زێڕی عێراق گەیشتووەتە نزیکەی 150 تۆن


رووداو دیجیتاڵ

سندووقی نێودەوڵەتیی دراو دەڵێت، یەدەگی زێڕی عێراق و قەتەر زیادبووە.

بەپێی ئامارەکانی سندووقی دراو، لە ئایاری ئەم ساڵدا یەدەگی زێڕی عێراق 2.644 تۆن زیاد بووە و ئێستا کۆی یەدەگی زێڕی ئەو وڵاتە 148.305 تۆنە.
 
لە یەک ساڵی رابردوودا، یەدەگی زێڕی عێراق زیاتر لە 10 تۆن زیادبووە. لە هەمانکاتدا یەدەگی زێڕی قەتەریش 3.112 تۆن زیادبووە و گەیشتووەتە 106.423 تۆن.
 
لە کۆتایی چارەکی یەکەمی ئەم ساڵدا زۆرینەی وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی پارێزگارییان لە یەدەگی زێڕەکەیان کردووە و نەیانهێشتووە بەراورد بە کۆتاییەکانی ساڵی 2023 دابەزین تۆماربکات.
 
بەرزبوونەوەی بەردەوامی نرخی زێڕیش لەسەر ئاستی جیهان بووەتە هۆی زیادبوونی بەهای یەدەگی زۆرینەی وڵاتانی جیهان.
 
گرنگیدانی بانکە ناوەندییەکانی جیهان بەپێی شێوازی بنیاتنانی یەدەگەکانیان دەگۆڕێت، بەڵام زۆرینەیان پەنا بۆ تێکەڵەیەک لە دۆلار، دراوە بیانییەکان و زێڕ دەبەن. 
 
ئەمریکا لەسەر ئاستی جیهان لە پلەی یەکەمدایە و 8 هەزار و 133 تۆن و نیو زێڕ یەدەگی هەیە، دوای ئەو ئەڵمانیا دێت کە سێ هەزار و 351 تۆن و نیو یەدەگی هەیە، پاشان ئیتاڵیا بە دوو هەزار و 814 تۆن دێت، سۆرینامیش بە هەزار و 200 تۆن زێڕ لە دوای ئیتاڵیا دێت.