تورکیا رێژەی سوودی کەم نەکردەوە


رووداو دیجیتاڵ

تورکیا رێژەی سوودی لە 50٪ هێشتەوە. پێشبینیی زیادبوونی هەڵاوسانیش لەم مانگەدا دەکات.

بانکی ناوەندیی تورکیا پێنج کۆبوونەوەی لەسەریەکە رێژەکە لە 50٪ دەهێڵێتەوە. دوایین جار رێژەی سوودی زیادکردبێت، ئاداری ئەم ساڵ بوو. 
 
بەرپرسانی بانکەکە گوتوویانە، لە ئەگەری زیادبوونی هەڵاوسان، ئامادەن رێژەی سوود زیاتر بەرزبکەنەوە. ئەمڕۆش هەمان پەیامیان دووبارە کردەوە.
 
زۆرینەی ئابووریناسان پێشبینی دەکەن بەر لە کۆتایی ئەم ساڵ، بانکی ناوەندیی تورکیا دەست بە کەمکردنەوەی رێژەی سوود بکات. بەشێکیشیان پێشبینی دەکەن لە ساڵی داهاتوو دەستی پێبکات.
 
لیژنەی سیاسەتی نەختینەیی بانکی ناوەندیی تورکیا دەڵێت: "رژدبوون لەسەر سیاسەتی تووندی نەختینەیی وادەکات خواستی بەکاربەرانی نێوخۆ کەمببێتەوە و هەڵاوسان دابەزێنێت. هەروەها نرخی لیرە بەرزدەکاتەوە و پێشبینییەکانی دابەزینی هەڵاوسانیش زیاتر دەکات". دەشڵێت: "ئەمەش پرۆسەی دابەزینی هەڵاوسان خێراتر دەکات".
 
لە حوزەیرانی ساڵی رابردوو رێژەی سوود لە تورکیا 8.50٪ بوو. لەوکاتە بەدواوە بەهۆی زیادبوونی هەڵاوسانەوە، بۆ 50٪ زیادکراوە.
 
سەرەتای ئەم مانگە ناوەندیی ئاماری تورکیا رایگەیاند، لە مانگی رابردوودا هەڵاوسان لە 75.45٪ـەوە بۆ 71.60٪ دابەزیوە. بەرپرسانی وڵاتەکەش دەڵێن، لە دابەزین بەردەوام دەبێت.
 
بەڵام بانکی ناوەندیی تورکیا دەڵێت: "ئاماژە سەرەکییەکان بۆ ئەوە دەچن کە لە مانگی تەمموزدا هەڵاوسانی مانگانە بەشێوەیەکی کاتی بەرزدەبێتەوە".