حکومەت بڕیاریدا باج لەسەر چەند شوێنێک رابگرێت
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی هەرێمی کوردستان باجی لەسەر چەند شوێنێک راگرت، ئەوەش بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران.
رۆژی سێشەممە، 23ـی تەممووزی 2024، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا، راگرتنی باجی لەسەر چێشتخانە، هۆتێلەکان، نەخۆشخانە تایبەتەکان، سەموونخانە و نانەواخانەکان راگەیاند.
حکومەت دەڵێت، راگرتنی وەرگرتنی باج کە لە یاسای ژمارە (26)ـی ساڵی 1962ـدا هاتووە، تاوەکو یەکلاییکردنەوەی رێکخستنەوەی رێکارەکانی وەرگرتنی باج لە دامودەزگا فیدراڵییەکان و هەمواری یاساکە بەردەوام دەبێت.
کەمال وەرتێ، بەڕێوەبەری گشتیی باج و خانووبەرە لە وەزارەتی دارایی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رەچاوکردنی دۆخی ئابووری و بە مەبەستی سووککردنی باری سەر شانی پیشەوەران ئەو بڕیارەی دراوە.
یەکێک لە بڕیارەکان، بەگوتەی کەمال وەرتێ، لابردنی رێژەی 10٪ـی باجی فرۆشی سەر چێشتخانە و هۆتێلەکانە.
هەروەها بەگوێرەی بڕیارەکە، 5٪ـی باجی سەر نەخۆشخانە تایبەتەکان رادەگیرێت. کەمال وەرتێ گوتی، دەبوایە ئەو باجە لە پزیشکان و پارەی داهاتی نەشتەرگەرییەکان وەربگیرێت، بەڵام نەخۆشخانەکان باجەکەیان دەخستە سەر نەخۆش.
زیرەک بیا ئیلیا، سەرۆکی کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکان لە هەولێر ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بڕیارەکە دڵخۆشیی خاوەن چێشتخانە و میوانخانەکانی لێکەوتووەتەوە و بارگرانییەکی زۆر لەسەر خاوەن چێشتخانە و میوانخانەکان کەم دەکاتەوە.
سەرۆکی کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکان لە هەولێر گوتیشی، چاوەڕێ دەکەن ئەو بڕیارە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر بووژاندنەوەی کاری چێشتخانە و میوانخانەکان هەبێت.