دامەزراوەیەک: بانکە ناوەندییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست یەدەگی زێڕیان زیادکردووە


رووداو دیجیتاڵ

کۆمپانیای ئینڤێسکۆ بۆ وەبەرهێنان دەڵێت، زۆرینەی بانکە ناوەندییەکانی وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەیانەوێت لە سێ ساڵی داهاتوودا یەدەگی زێڕیان زیادبکەن.
 
کۆمپانیاکە راپرسییەکی لەگەڵ 57 بانکی ناوەندی لەسەر ئاستی جیهان ئەنجامداوە و گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی 78٪ـی بانکە ناوەندییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئامانجیانە تاوەکو ساڵی 2027 یەدەگی زێڕیان زیادبکەن. 
 
لە سێ ساڵی رابردوودا 70٪ـی بانکە ناوەندییەکان لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست یەدەگی زێڕیان زیادکردووە.
 
بەپێی راپۆرتێکی ئەنجوومەنی جیهانیی زێڕ، بەهۆی مەترسییە جیۆسیاسی و داراییەکانەوە پێشبینی دەکرێت نزیکەی 20 بانکی ناوەندی لە ساڵی داهاتوودا یەدەگی زێڕیان زیادبکەن.
 
ئینڤێسکۆ دەڵێت، 80٪ـی بانکە ناوەندییەکانی وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و 48٪ـی بانکە ناوەندییەکانی جیهان باسیان لەوە کردووە کە بەهۆی زیادبوونی قەرزەکانی سەر ئەمریکاوە کڕینی زێڕ زیادبووە.
 
ئەوە لەکاتێکدایە، چین کە گەورەترین کڕیاری زێڕە لە جیهاندا. دوو مانگە کڕینی زێڕی وەستاندووە، بەڵام بەشێک لە شرۆڤەکاران پێشبینی دەکەن ئەو وڵاتە دەست بە کڕینی زێڕ بکاتەوە، چونکە ئەو وڵاتە دەیەوێت یەدەگەکەی فرەچەشن بکات و بتوانێت کۆنترۆڵی نرخی دراوەکەی بکات.
 
نرخی زێڕ لە ئەم ساڵدا زیاتر لە نزیکەی 20% بەرزبووەتەوە. ئێستا هەر ئۆنسەیەک بە زیاتر لە دوو هەزار و 400 دۆلارە. خواستی زۆر لەسەری و کڕینی لەلایەن بانکە ناوەندییەکانەوە، هۆکارێکی سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕە.
 
گرژییە جیۆسیاسییەکان و پێشبینییەکانی کەمکردنەوەی رێژەی سوود لەلایەن ئەمریکا و بانکە ناوەندییە گەورەکانی جیهانەوە، دوو هۆکاری دیکەی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕن.