وەزارەتی نەوتی عێراق: لە شەش مانگدا 33 بیری نەوتمان هەڵکەندووە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 105 بیری نەوتیان هەڵکەندووە و نۆژەنکردووەتەوە، لە داهاتووشدا دەیان بیری دیکە هەڵدەکەندرێن.
عاسم جیهاد، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە ئاژانسی فەرمیی عێراقی راگەیاندووە "لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا کۆمپانیای هەڵکەندنی عێراق لە رێگەی کارمەندانی خۆماڵییەوە 105 بیری نەوتیان هەڵکەندووە و چاککردووەتەوە، بەمنزیکانە دەست بە هەڵکەندنی دەیان بیری دیکەش بەپێی گرێبەستی نوێ دەکرێت."
لە کۆی ئەو بیرانەی گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژەی پێداون، 33 بیریان هەڵکەندراون و 72 بیریشیان نۆژەن کراوەتەوە.
کۆمپانیای هەڵکەندنی عێراق بەپێی عاسم جیهاد، لە ماوەکانی داهاتوودا ژمارەیەک بیر لە کێڵگە نەوتییەکانی باکوور، ناوەڕاست، باشووری عێراق بۆ بەرژەوەندیی ئەو کۆمپانیایانەی گرێبەستیان کردووە و بەپێی سرووشتی گرێبەستەکان، هەڵدەکەنێت.
رۆژی 11ـی ئایاری ئەمساڵ، حەییان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، رایگەیاند بەنیازن لەداهاتوویەکی نزیکدا لەڕێگەی رووپێوییەوە ئامارەکانی یەدەگی نەوتیی عێراق بۆ 160 ملیار بەرمیل بەرزبکەنەوە.