دوای سێ رۆژ دابەزینی بەردەوام، نرخی نەوت بەرزبووەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لەسەر بنەمای بازاڕ کە خواست و خستنەڕووە، دوای سێ رۆژ دابەزینی بەردەوام، نرخی نەوت ئەمڕۆ بەرزبووەوە.
 
یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور ئەمڕۆ (سێشەممە، 23-7-2024)، 20 سەنت بەرزبووەوە و بە 82 دۆلار و 42 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. نرخی یەک بەرمیل نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 11 سەنت بەرزبووەوە و بە 78 دۆلار و 38 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
نرخی نەوت لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا بەردەوام دابەزیوە. بەپێی ناوەندە داراییەکان، وازهێنانی جۆ بایدن، بەربژێری دیموکراتەکان لە کێبڕکێی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا کاریگەری ئەوتۆی لەسەر بازاڕی نەوت دانەناوە.
 
شرۆڤەکارانی سەر بە سیتی بانکی ئەمریکا، پێیانوایە هیچکام لە کامالا هاریس، کاندیدی دیموکراتەکان و دۆناڵد ترەمپ، کاندیدی کۆمارییەکان بانگەواز بۆ سیاسەتێکی نوێی نەوتی ناکەن کە کاریگەریی لەسەر بازاڕی نەوت دابنێت.
 
لەبەرئەوەش بازرگانانی نەوت لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا فۆکەسیان خستووتەوە سەر بنەمای بازاڕ کە خواست و خستنەڕووە.
 
شرۆڤەکارانی بانکی مۆرگن ستانلی، بانکێکی دیکەی ئەمریکی، پێشبینیان کردووە لە چارەگی کۆتایی ئەمساڵ، بازاڕی نەوت لەڕووی خستنەڕوو و خواست هاوسەنگ بێت و ساڵی داهاتووش، خستنەڕووی نەوت زیاتر دەبێت لە خواست بۆ ئەو کاڵا ستراتژییە.
 
پریانکا ساجێدڤا، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی فیلیپ نۆڤا لەو بارەیەوە رایگەیاند "بەرزبوونەوەی ئەمڕۆی نرخی نەوت، زیاتر جووڵەیەکی خۆڕاستکردنەوەیە، ئەگەرنا فشاری فرۆش لەسەر نرخەکانی نەوت، قورسایی لە بازاڕدا دروستکردووە."
 
ئەو شرۆڤەکارە پێیوایە، هەر چەشنە ئاماژەیەکی نوێ لەسەر کەمبوونەوەی خواست، دەبێتە هۆکار بۆ دابەزینی زیاتری نرخەکانی نەوت.

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە