بەهای دینار بەرامبەر دۆلار زیاتر دابەزی

23-07-2023
سۆران حوسێن
نیشانەکردن بەهای دۆلار و دینار
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەراورد بە دوێنێ، ئەمڕۆ بەهای دینار زیاتر دابەزی و 100 دۆلار بە 152 هەزار و 300 دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
رۆژی یەکشەممە 23ـی تەممووزی 2023 کاژێر 11:00ـی بەیانی، حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، 100 دۆلار گەیشتووەتە 152 هەزار و 300 دینار. گوتیشی: "ئەگەر بانکی ناوەندی ئەمڕۆ پارەی نەختینە کەم بخاتە بازاڕەوە، بەهای دینار زیاتریش دادەبەزێت".
 
هۆکاری دابەزینی بەهای دینار دەگەڕێتەوە بۆ بڕیارێکی ئەمریکا کە 19ـی ئەم مانگە مامەڵەکردن بە دۆلاری لە 14 بانکی عێراقی قەدەخە کرد و بەوە تۆمەتباری کردوون، دۆلاریان بۆ ئەو وڵاتانە ناردووە کە سزای ئەمریکایان لەسەرە.
 
هاوکات لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی 100 دۆلار 152 هەزار دینارە.
 
دوێنێ لەکاتی کردنەوەی بازاڕی دۆلار 100 دۆلار 151 هەزار و 250 دینار بوو.
 
هەر ئەمڕۆ د. مەزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "لە چەند رۆژی رابردوودا بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی زیاتر دابەزی، هۆکاری سەرەکیش بەهۆی لێکەوتەی بڕیاری راگرتنی مامەڵەکردنی 14 بانکی عێراقییە لە مامەڵەکردن بە دۆلارەوە لەلایەن ئەمریکاوە".
 
راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتیشی "بڕیاری بێبەشکردنی ئەو بانکانە ئاماژەیەکە بۆ تووندترکردنی دۆخەکە و رێکارەکان، ئەمە شەپۆلێک لە دابەزینی بەهای دینار دروستدەکات، بەڵام کاتییە، چونکە دواتر کڕیاران روو لە بانکەکانی دیکە دەکەن".
 
هەرچەندە بانکی ناوەندیی عێراق 100 بە دۆلار بە 131 هەزار دینار دەفرۆشێت، بەڵام نەیتوانیوە بەهای دینار لە بازاڕەکاندا بەرامبەر بە دۆلار بەرزبکاتەوە.
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە