ئاوات شێخ جەناب: دەبێت لەمەودوا پرسیاری مووچە ئاراستەی وەزارەتی دارایی عێراق بکرێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان دەڵێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان تەواوی پابەندییەکانی لە یاسای بودجە جێبەجێ کردووە و چاوەڕێن بەغداش پابەندییەکانی جێبەجێ بکات. لەبارەی دابەشکردنی مووچەیش دەڵێت، لەمەودوا دەبێت ئەو پرسیارە ئاراستەی وەزارەتی دارایی عێراق بکرێت نەک هەرێمی کوردستان.
ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان لە گەرمیان لە میانی کردنەوەی دەروازەی تیلەکۆ بۆ میدیاکان قسەی کرد، رایگەیاند، ئەوەی کە گرنگ بووبێت لە پەروێزخان و سنوورەکەدا کردوویانە. گوتیشی، ئەمڕۆ بە فەرمی مەرزی تیلەکۆ کرایەوە، ماستەرپلانی پشتە و تیلەکۆ ئامادەیە، بەو هەنگاوە جووڵەی بازرگانی و هەلی کار لە سنوورەکەدا زیاتر دەبێت.
لە وەڵامی پرسیارێکی هونەر حەمید، پەیامنێری رووداو لە گەرمیان لەبارەی دابەشکردنی مووچە، ئاوات شێخ جەناب گوتی، شاندی هەرێمی کوردستان لە بەغدا قسە لەسەر بابەتە هونەرییەکان دەکات، چونکە ئەوەی لەسەر هەرێمی کوردستان بووە، لە زووەوە جێبەجێی کردووە. گوتیشی، هیچ بیانوویەک نەماوە کە بەغدا مووچە دوابخات.
وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان گوتیشی، لە 2013ـەوە بەغدا گەمارۆی خستووەتە سەر هەرێمی کوردستان، داهاتی نێوخۆی هەرێمی کوردستان بەشی مووچە ناکات، چونکە چەند مانگێکە نەوت هەناردە نەکراوە، بەغدا داوای 100٪ـی داهاتی ناوخۆ دەکات، لەکاتێکدا بەپێی یاسای بودجە دەبێت 50٪ بێت. باس لەوەش دەکات، هەرێمی کوردستان داهاتی جارانی نەماوە و ناتوانێت مووچە دابین بکات، بۆیە بۆ مووچە دەبێت ئەو پرسیارە لە وەزارەتی دارایی عێراق بکرێت.