بانکی جیهانی بیر لە راگرتنی وەرگرتنەوەی قەرزەکان لە وڵاتانی تازەپێگەیشتوو دەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی بانکی جیهانی دەڵێت، بیر لە راگرتنی وەرگرتنەوەی قەرزەکان لە وڵاتانی تازەپێگەیشتوو دەکەنەوە. سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێت، هەیکەلی دارایی جیهان شکستی هێناوە لە پاراستنی ئەو وڵاتانە.
 
ئاجای بانگا، سەرۆکی بانکی جیهانی رۆژی پێنجشەممە، 22.6.2023 لە کۆنفڕانسی ژینگەیی پاریس رایگەیاند، بانکەکە بیر لە پەیڕەوکردنی رێبازێک دەکاتەوە، کە ئامڕازەکانی بەردەستی بەشێوەیەکی بەرچاو فراوان دەکات.
 
بانگا دەڵێت، گرنگترین رێکار ئەوەیە کە پێشکەشکردنی "راگرتنی دانەوەی قەرزەکان دەبێت بۆ ئەوەی وڵاتان، کاتێک قەیرانێک روویان تێدەکات، بتوانن سەرنجیان لەسەر پرسە گرنگەکان بێت و نیگەرانی ئەو قەرزانە نەبن کە لەسەریانە".
 
بیرۆکەکە لە لایەن میا مۆتڵی، سەرۆکوەزیرانی دوورگەی باربادۆس لە دوورگەی کاریبی پێشنیازکراوە.
 
ئەو ژنە سەرۆکوەزیرانە باسی لەوەکردووە، ئەو وڵاتە تازەپێگەیشتووانەی قەرزارن تووشی دۆخێکی سەخت دەبنەوە و ناتوانن رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بەرامبەر بە رووداوە سرووشتیەکان و قەیرانە جیهانییەکانی وەکو پەتای کۆرۆنا یان بەرزبوونەوەی بەرچاوی رێژەی هەڵاوسان بەهۆی شەڕی ئۆکرایناوە.
 
بانکی جیهانی، هاوشان لەگەڵ سندووقی نێودەوڵەتیی نەختینە، گەورەترین قەرزدەری وڵاتانی جیهانن بۆ پارەدارکردنی ژێرخان و پڕۆژەکانیان.
 
کۆنفڕانسی ژینگەیی پاریس دوو رۆژ بەردەوام دەبێت و تێیدا داوای چاکسازیی بەرفراوان لە سیستەمی دارایی جیهان دەکرێت.
 
هاوکات، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، هەیکەلی دارایی جیهان شکستی هێناوە لە دابینکردنی تۆڕێکی جیهانیی پارێزراو بۆ وڵاتانی تازەپێگەیشتوو.