عێراق هاوردەکردنی 27 بەرهەمی کشتوکاڵی کوردستان قەدەخە دەکات

رووداو - هەولێر

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رێنمایی نوێی سەبارەت بە هاوردەکردنی بەروبوومی کشتوکاڵی دەرکرد و رایگەیاند چیدیکە رێگە بە گواستنەوەی بەروبوومی کشتوکاڵی سەرەکی لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ پارێزگاکانی عێراق نادرێ.

بەپێی بڕیارە نوێیەکەی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق 27 بەرهەمی کشتوکاڵی کە بریتین لە سەوزە و میوە و دانەوێڵە، هاوردەکردنیان لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ شارەکانی عێراق قەدەخەکراوە.

حەمید نایف، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، رایگەیاند: "وەزارەتی کشتوکاڵ رێنمایی نوێی دەرکرد سەبارەت بەو بەروبوومە کشتوکاڵی و بەرهەمانەی ئاژەڵ کە قەدەخەیە هاوردەبکرێن".

بەپێی رێنماییە نوێیەکە چیدیکە رێگە بە گواستنەوەی بەرهەمە سەرەکییەکانی وەک گەنم، جۆ، گەنمەشامی و ئالیک لە هەرێمی کوردستانی عێراقەوە بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق و گواستنەوەی ئەو بەرهەمانە لە نێوان پارێزگاکانی عێراق نادرێت "جا بە هەر هۆکارێک بێ".

حەمید نایف دەڵێت: "تەنیا رێگە بە گواستنەوەی ئالیکی پەلەوەر کە لە ناوخۆ بەرهەمهاتووە لە نێوان پارێزگاکانی عێراق دەدرێت، بەڵام رێگە بە گواستنەوەی ئەو بەرهەمە لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق نادرێ".

گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ ناوی ئەو بەرهەمانە ئاشکرا دەکات کە هاوردنیان قەدەخەکراوە و بریتین لە: گەنم، جۆ، گەنمەشامی، خەیار، باینجان، لەهانە، قەرنابیت، گێزەر، پەتاتە، کاهو، سیر، کولەکە، کنار، بیبەر، خورما، تەماتە، چەوەندەر، شێلم، هەنگوین، دۆشاوی خورما، شووتی، کاڵەک، پاقلەی سەوز، گەنمی ئالیک، جۆی ئالیک، گەنمەشامی ئالیک، پرۆتینی ئاژەڵ.

هەروەها وەزارەتی کشتوکاڵ هاوردەکردنی گۆشتی کەنەدی، ماسی جوانی، هەڵۆ و باڵندە دڕندەکان، هێڵکەی خواردن، مریشکی زیندوو، مریشکی سەربڕاو، ئاژەڵی زیندوو بۆ سەربڕین وەک گوێلک و مانگا لە ئەفریقاوە، پەلەوەر، باڵندە لە وڵاتانی تووشبوو بە ئەنفلۆنزای باڵندە، ئالیکی سەوزی قەدەخەکردووە.