پێدانی مۆڵەت بە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون رادەگیرێت
رووداو دیجیتاڵ
بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێدانی مۆڵەت بە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون راگیرا.
بەگوێرەی نووسراوێک کە رۆژی 26ـی نیسانی 2023 دەرکراوە و واژۆی دکتۆر ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی لەسەرە و ئاراستەی دەستەی وەربەرهێنانی هەرێمی کوردستان کراوە، ئاماژە بە فەرمانێکی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە کە داوای راگرتنی پێدانی مۆڵەت بە پڕۆژەی نوێی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان دەکات.
لە نووسراوەکەدا هاتووە، "بۆ ئەم مەبەستە، گشت لایەنە پەیوەندارەکان کاری پێویست بکەن بە داڕشتنی پلان و بەرنامەی نوێی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون و بە رەچاوکردنی ماستەرپلان و فراوانکردنی شار لەسەر بنەمای زانستی."
بەرگەشت ئاکرەیی، گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان لەوبارەیەوە ئەمڕۆ سێشەممە، 23-5-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، مەبەست لە بڕيارەکە "دیزاینکردنەوەی پڕۆژەکانی یەکەی نیشتەجێبوونە بە مەبەستی بەرزکردنەوەی کوالێتییان و داڕشتنی ماستەرپلانێکی باشتر و فراوانکردنی شارەکانە لەسەر بنەمای زانستی".
بەرگەشت ئاکرەیی گوتیشی، "پڕۆژەکە دەستی پێکردووە و لە رێگەی لیژنەی تایبەتمەندەوە دەکرێت". دەشڵێت، "لیژنەکان پێداچوونەوە بە پڕۆژەکان دەکەن تاوەکو بە مەرجی نوێ دەست پێ بکەن".
لەبارەی کاتی تەواوبوونی کاری ئەو لیژنانەی بەو کارە راسپێردراون، گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنان گوتی، "پێشبینی کاتی تەواوبوونی کارەکان ناکەین، بەڵام پێناچێت کاتێکی زۆر بخایێنێت". ئاماژە بەوەش دەکات کە "بەهۆی بڕیارەکەوە هیچ پڕۆژەیەکی یەکەی نیشتەجێبوون رانەگیراوە؛ ئەوانەی پێشتر دەستیان پێکراوە لە کارکردن بەردەوامن".
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 200 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بە هەرسێ جۆرەکەیەوە (خانوو، شووقە و ڤێلا) هەن کە زیاتر لە 120 هەزاریان تەواوبوون و هاووڵاتی تێدا نیشتەجێیە.