رووداو دیجیتاڵ
نرخی ئۆنسەیەک زێڕ لە دوو رۆژدا نزیکەی 100 دۆلار دابەزیوە؛ بەو هۆیەوە ئەمڕۆ نرخی مسقاڵێک زێڕ 15 هەزار دینار دابەزی.
بەپێی سەندیکای زێڕینگرانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ نرخی فرۆشتنی زێڕ لە بازاڕە نێوخۆییەکان بەم شێوەیەیە:
مسقاڵێک زێڕی عەیار 24 بە 545 هەزار دینارە
مسقاڵێک زێڕی عەیار 22 بە 500 هەزار دینارە
مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 بە 480 هەزار دینارە
مسقاڵێک زێڕی عەیار 18 بە 415 هەزار دینارە
بەراورد بە دوێنێ دووشەممە، ئەمڕۆ نرخی هەر مسقاڵێک زێڕ 15 هەزار دینار دابەزیوە.
گۆڕانکاری لە نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان پەیوەستە بە دوو هۆکارەوە؛ نرخی ئۆنسەی زێڕ لەسەر ئاستی جیهان و نرخی دینار بەرامبەر دۆلار لە بازاڕەکانی نێوخۆ. هاوتەریب لەگەڵ نرخی ئۆنسە لە لایەک و نرخی دینار بەرامبەر دۆلار هەڵبەز و دابەز دەکات.
لە بەرەبەیانیی رۆژی دووشەممەوە لەگەڵ کرانەوەی بۆرسەی جیهانی، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ نزیکەی 100 دۆلار دابەزیوە، لە 2391 دۆلار لەکاتی کردنەوەدا بۆ نزیکەی 2300 دۆلار دابەزیوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 23-04-2024، هەندرێن وەرتێ، گوتەبێژی لقی هەولێری سەندیکای زێڕینگران بە رووداوی راگەیاند، دابەزینی بەرچاوی نرخی زێڕ لە جیهان، هۆکاری سەرەکیی دابەزینی نرخەکەیەتی لە بازاڕە جیهانییەکان.
وەکو هەندرێن وەرتێ دەڵێت، دابەزینی نرخی زێڕ پێشبینیکراو بوو؛ گوتیشی، هێوربوونەوەی گرژییەکان لەنێوان ئیسرائیل و ئێران هۆکاری سەرەکیی دابەزینیەتی.
گوتەبێژی لقی هەولێری سەندیکای زێڕینگران ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئەگەری هێوربوونەوەی زیاتری دۆخەکە، رەنگە نرخی ئۆنسەیەک زێڕ 50 تاوەکو 100 دۆلاری دیکەش دابەزێت.
وەک هەندرێن وەرتێ دەڵێت، "ئەگەر نرخی ئۆنسەیەک زێڕ 50 دۆلاری دیکە دابەزێت، نرخی مسقاڵێک زێڕ نزیکەی 12 هەزاری دیکە دادەبەزێت. لە ئەگەری دابەزینی 100 دۆلاریش، نرخی مسقاڵ تاوەکو 24 هەزار دینار دادەبەزێت."
ئەمە بە لەبەرچاوگرتنی ئەگەری جێگیربوونی نرخی دینار بەرامبەر دۆلار لەو ئاستەی ئێستای کە نزیکەی 147 هەزار دینارە بەرامبەر هەر 100 دۆلارێک.
لە هەفتەی رابردوودا نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 گەیشتە 500 هەزار دینار؛ ئەمە بەرزترین ئاستی بوو لە مێژووی مامەڵەکان لە بازاڕەکانی نێوخۆی هەرێمی کوردستان.
جگە لە هێوربوونەوەی گرژییەکان، چاوی بازرگان و وەبەرهێنەرانی زێڕ لەسەر کۆبوونەوەی بانکی ناوەندیی ئەمریکایە کە 30ـی ئەم مانگە دەست بە کۆبوونەوە دوو رۆژییەکەی دەکات.
رۆژی 1ی ئایاریش، کاژێر 21:30 بە کاتی هەولێر، جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکەکە دوای راگەیاندنی بڕیاریان لەبارەی رێژەی سوودی بانکی، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا پێشبینییەکانی بانکەکەی لەبارەی ئابووریی ئەمریکا نوێ دەکاتەوە.
لە مانگی رابردوودا هەڵاوسان لە ئەمریکا بۆ 3.5% بەرزبووەوە. پاوڵ دوای ئامارەکە رایگەیاند، ئێستا متمانەیان کەمترە بە دابەزینی هەڵاوسان بۆ ئامانجی 2%.
بەردەوامیی هەڵاوسان دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا پەلە لە دابەزاندنی سوودی بانکی نەکات و ئەوەش دەبێتە هۆکار بۆ دابەزینی نرخی زێڕ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ