گومرگی ئێران: لە دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە بە بەهای 300 ملیۆن دۆلار کاڵا هەناردەی کوردستان کراوە

23-04-2023
عومەر ئەحمەد
نیشانەکردن حاجی ئۆمەران
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەپێی ئامارەکانی گومرگی ئێران لەماوەی 12 مانگی رابردوودا تاوەکو نەورۆز، 763 هەزار تۆن کاڵا و شتومەک بە بەهای 300 ملیۆن دۆلار لە دەروازەی بازرگانیی حاجی ئومەرانەوە هەناردەی هەرێمی کوردستان کراوە کە لەرووی کێشەوە 56٪ و لەرووی بەهاوە 18٪ زیادی کردووە.
 
عەلی ئەکبەر ئەشرەفی، بەڕێوەبەری گومرگی دەروازەی بازرگانی تەمەرچین کە دەروازەی بازرگانی حاجی ئۆمەرانە و لە ئێران بەو ناوە ناسراوە، ئامارەکانی 12 مانگی کۆتایی تاوەکو وەرزی بەهاری ئەمساڵی پەیوەست بە ئاڵوگۆڕی بازرگانیی دەروازەکە، بە بەراورد بە 12 مانگی پێشووتر، ئاشکرا کرد.
 
بەپێی ئەشرەفی، کەرەستەی بیناسازی، سیرامیک و کاشی، خۆڵی ئاسن، پۆڵا، میوە و سەوزە لەو کاڵا و شتومەکە سەرەکییانەن، کە لەو دەروازەیەوە هەناردەی هەرێمی کوردستان کراون.
 
گومرگی ئێران هەروەها ئاشکرای کرد، لە دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە بە بڕی 64 ملیۆن دۆلار کاڵا لە هەرێمی کوردستانەوە هەناردەی ئێران کراوە، کە 32 هەزار تۆن کاڵای کارەبایی وەک کەرەستەی ناوماڵ، بەفرگر و ساردکەرەوە بوون.
 
هەناردەی کاڵا لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ ئێران لە ماوەی 12 مانگی رابردوودا لەرووی کێشەوە بەرێژەی 32٪ و لەرووی بەهاوە بەرێژەی 4٪ دابەزیوە، ئەمە بەپێی گومرگی ئێران، هەروەها لەو ماوەیەدا 543 هەزار تۆن کاڵا بە بەهای 1.9 ملیار دۆلار لەو دەروازەیەوە ترانزیت کراوە، کە لەرووی کێشەوە 110٪ و لەرووی بەهاوە 2٪ بەرزبووەتەوە.
 
لە ماوەی 12 مانگدا، هەروەها 672 هەزار گەشتیار لەنێوان ئێران و هەرێمی کوردستان گەشتیان کردووە، کە بەراورد بە 12 مانگی پێشووتر، رێژەکە 88٪ بەرزبووەتەوە، بەوپێیەش تێکڕا رۆژانە زیاتر لە 1800 گەشتیار لەو دەروازەیە گەشتیان کردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە