لە ئێلیهی باکووری کوردستان ئەمساڵ چاوەڕێی ژمارەپێوانەیی لە بەرهەمی هەنگوین دەکرێت

23-04-2022
کۆسار عوسمان @KassoOsman
ساڵی رابردوو ئێلیهـی باکووری کوردستان 356 تۆن بەرهەمی هەنگوینی هەبوو
ساڵی رابردوو ئێلیهـی باکووری کوردستان 356 تۆن بەرهەمی هەنگوینی هەبوو
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوای بارانێکی زۆر و هاتنی بەهارێکی سەوز، هەنگەوانانی ئێلیهی باکووری کوردستان، یەکەم پشکنین بۆ مێشهەنگوینەکانیان دەکەن.
 
محەمەد ئایدن، بەڕێوەبەری دارستان و کشتوکاڵیی ئێلیهـ دەڵێت، "400ئەنداممان هەیە، هەروەها 400-450 هەزار پوورەمان هەن تاوەکو ئێستا. بەهار هات، پەنا بەخوا لەمەودوا باش دەبێت. مێشهەنگوینەکان تازە دەستیان بە کار کردووە".
 
گوڵ و سەوزایی موژدەی ئەوە دەدەن کە ئەمساڵ بەرهەمی هەنگوین باشتر دەبێت، گوڵی کوێستانەکانی کۆزڵوک، گەرچوش و حەسکێف لە ئێلیهـ ناسراون، بەڵام ساڵی رابردوو ساڵێکی بێ بەرهەم بوو.
 
بارش دۆیار، هەنگەوانە و باسی لەوە کرد، "ساڵی رابردوو وشکەساڵییەکی بەهێز هەبوو. بەهۆی کەمیی بارانەوە راستەوخۆ لە زستانەوە چووینە نێو هاوین. مێشهەنگوینەکان گەشەیان نەکرد".
 
ئەو ناوچەیە بە هەنگوینی باش و کوالیتی بەرز ناسراوە. سەیت کارابوڵوت، هەنگەوان ئاماژە بەوە دەکات، "هەنگوینی باتمان زۆر بە کوالیتییە. لەگەڵ گەرمبوونی کەشوهەوا مێشهەنگوینەکان دەگوازرێنەوە بناری چیای مەرەتۆ، چیاکانی گەرجوش و حەسکێف. هەنگوینی کەکیک و گەڤەن هەنگوینی زۆر کوالیتی بەرزن و لە باتمان بەرهەمدێن".
 
ساڵی رابردوو ئێلیهـی باکووری کوردستان 356 تۆن بەرهەمی هەنگوینی هەبوو، ئەمساڵ چاوەڕێدەکرێت نزیکەی 500 تۆن بەرهەمی هەبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە