رووداو دیجیتاڵ
کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان ناسراو بە ئەپیکور، راپۆرتێکی لەبارەی زیان و گفتوگۆکان لەبارەی راگرتن و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، راگرتنەکە، لەماوەی ساڵێکدا 11 ملیار دۆلار زیانی لە عێراق داوە.
لە 25ـى ئادارى 2023ـەوە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان بۆ بەندەرى جەیهانى تورکیا راگیراوە، دوای تێپەڕبوونی ساڵێک، کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان ناسراو بە ئەپیکور راپۆرتێکی لەوبارەوە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، یەک ساڵی تەواوە بۆریی نەوتی عێراق - توركیا داخراوە، راگرتنی كاریگەری كردووەتە سەر كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانی بواری نەوت لە هەرێمی كوردستان و راگرتنی 450000 بەرمیل نەوتی رۆژانە بۆ بازاڕەكانی جیهان."
لە راپۆرتەکەدا هاتووە "بەردەوامیی راگرتنی هەناردەی نەوت بە ملیارەها دۆلار زیانی بە حكومەتی عێراق، حكومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانی بواری نەوت گەیاندووە."
ئەپیکور: هیچ پێشنیازێكمان بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت پێنەگەیشتووە
دوای تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر راگرتنی هەناردەی نەوت لەڕێگەی بۆریی نەوتی عێراق - توركیاوە، كۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی كوردستان-ئەپیكور، دوایین زانیاری لەبارەی گفتوگۆكانی كردنەوەی بۆریی نەوتی عێراق - توركیا، هەوڵەكانیان بۆ دەستكردنەوە بە بەرهەمهێنان و هەناردەكردنەوەی نەوتی كوردستان و زیان و كاریگەرییە ئابوورییەكان لەسەر خەڵكی عێراق و كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانی بواری وزە دەخاتەڕوو.
ئەپیکور دەڵێت، "لە 25ی ئاداری 2023 هەناردەی نەوت لە رێگەی بۆریی نەوتی عێراق - توركیاوە راگیرا، لەو رێککەوتەوە، نە ئەپیكور و نە كۆمپانیا ئەندامەكانی هیچ پێشنیازێكیان لەلایەن حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت پێنەگەیشتووە."
ئەپیکور ئاماژە بەوە دەکات "هەر هەشت كۆمپانیای ئەندامی ئەپیكور پابەندی گرێبەستەكانیان لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئەپیكور بەردەوامە لە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێك و دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت لەڕێگەی بۆریی نەوتی عێراق - توركیاوە."
گوتەبێژی ئەپیكور: زیاتر راگرتنی هەناردەی نەوت زیانی زیاتر لە خەڵك و ناوبانگی وەبەرهێنانی عێراق دەدات
مایڵز كاگینز، گوتەبێژی ئەپیكور رایگەیاند: "ئەپیكور بەردەوامە لە هەوڵەكانی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ دەستپێكردنەوەی تەواوەتیی بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوت لەڕێگەی بۆریی نەوتی عێراق - توركیاوە. تاوەکو رۆژێك زیاتر راگرتنی هەناردەی بەردەوام بێت، زیاتر خەڵك و ئابووری و ناوبانگی وەبەرهێنانی عێراق زیانیان پێدەگات".
ئەپیکور: حكومەتی عێراق هەنگاوی پێویستی نەگرتووەتەبەر بۆ كردنەوەی بۆریی نەوتەکە
ئەپیكور، لە راپۆرتەکەیدا هەڵسەنگاندنێکی کردووە و دەڵێت: "حكومەتی عێراق هەنگاوی پێویستی نەگرتووەتەبەر بۆ كردنەوەی بۆریی نەوت عێراق - توركیا و هەناردەی نەوتی حكومەتی هەرێمی كوردستان، سەرەڕای ئەوەی لە ئۆكتۆبەری 2023ـەوە توركیا رایگەیاندووە، بۆرییەكە ئامادە بۆ هەناردەی نەوت."
ئەپیکور ئاماژە بەوە دەکات کە ئاگاداری ئەو كۆبوونەوانەیە لە 7 تاوەکو 9ی كانوونی دووەمی ئەم ساڵ لە بەغدا، لەنێوان نوێنەرانی حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانی بواری نەوت، لەنێویشیاندا چەند كۆمپانیایەكی ئەندام لە ئەپیكور بەڕێوەچوون. دەشڵێت، "سەرەڕای ئەو كۆبوونەوانە و جەختكردنەوە لە گفتوگۆی ئەرێنی لەنێوان حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەڵام هیچ بەرەوپێشچوونێك بە ئاراستەی كردنەوەی بۆریی نەوتی عێراق - توركیا بەدینەكراوە."
هەوڵەكانی ئەپیكور بۆ چارەسەری ئەو دۆخە
ئەپیکور دەڵێت، چەندین هەوڵی بۆ چارەسەری "ئەم دۆخە چەقبەستووە" داوە و ئاماژەی بە هەوڵەکانی داوە:
- ئەنجامدانی چەندین كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق لە هەولێر و بەغدا و دوبەی.
- بەردەوام و بەشێوەیەكی راشكاو ئەندامانی ئەپیكور مەرجەكانی دەستپێكردنەوەی هەناردەی بەرهەمهێنانی خستوونەتەڕوو.
- هەر زیادكردنێك، پێویستە لەنێوان حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیاكانی ئەپیكور رێككەوتنی لەسەر بكرێت.
- پێویستە دڵنیایی بدرێت لە پێدانی پارەی هەناردەی نەوت لە رابردوو و بۆ داهاتووش.
- پێویستە راستەوخۆ پارەی فرۆشی نەوتی كۆمپانیاكانی ئەندام لە ئەپیكور، راستەوخۆ بدرێتە ئەو كۆمپانیانە.
- پێویستە شێواز و رێككەوتنە بازرگانی و ئابوورییەكانی ئێستای كۆمپانیا ئەندامەكانی ئەپیكور وەك خۆی بمێنێتەوە.
- ئەنجامدانی كەمپەینی هۆشیاری لە میدیا عەرەبی، كوردی و رۆژئاواییەكان.
- ئەپیكور و چەند كۆمپانیایەكی نێودەوڵەتی بواری نەوت، چارەسەریان پێشنیاز كردووە بۆ حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان.
ئەپیکور: ئەمریکامان هێناوەتە سەر هێڵ
کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان دەڵێت: حكومەتی وڵاتانی كۆمپانیاكانی ئەپیكورمان هێناوەتە سەرهێڵ، بەتایبەتی حكومەتی ئەمریكا، بەهۆی ئەو پەیوەندییە تایبەتەی لەگەڵ حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان هەیەتی، لەناویشیاندا بە قەبارەی 300 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنانی راستەوخۆی ئەمریكا لە سێكتەری وزەی هەرێمی كوردستان.
ئەپیكور دەڵێت، بە راشكاوی پەیامی بە ئەندامانی ئیدارەی سەرۆك بایدن و ئەندامانی كۆنگرێسی ئەمریكا گەیاندووە، كۆشكی سپی نابێت دەست بە پلانی پێشوازیكردن لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق بكات، كە بڕیارە 15ی نیسانی ئەمساڵ سەردانی واشنتن بكات تاوەكو:
- بۆریی نەوتی عێراق - توركیا دەكرێتەوە و رێگە بە هەناردەكردنی نەوتی بەرهەمهێنراو لە هەرێمی كوردستان دەدرێت بۆ بازاڕەكانی جیهان.
- كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانی بواری نەوت (لەناویشیاندا كۆمپانیا ئەندامەكانی ئەپیكور) دڵنیاییان پێدەدرێت لە وەرگرتنی پارەی هەناردەكردنی نەوت لە رابردوو و بۆ داهاتوو.
- حكومەتی عێراق بەتەواوی بودجەی فێدراڵی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكات.
عێراق رۆژانە 800 هەزار دۆلار سزا دەدرێت
پوختەی زانیارییەكانی ئەپیكور لەبارەی كاریگەرییەكانی بەردەوامیی داخستنی بۆری نەوتی عێراق – توركیا، خراونەتەڕوو و لە راپۆرتەکەدا هاتووە: "نزیكەی 11 ملیار دۆلار زیان بە داهاتی عێراق كەوتووە، بە نزیكەیی، مانگانە دەكاتە 1 ملیار دۆلار و ئەپیكور ئاگادارە لەوەی، هەرچەندە بۆریی نەوتی عێراق - توركیا بەكارناهێنرێت، بەڵام عێراق رۆژانە 800 هەزار دۆلار سزا دەدرێت، بەهۆی ئەوەی نەیتوانیوە مەرجەكانی ناو رێككەوتنی بۆریی نەوتی عێراق - توركیا جێبەجێ بكات."
ئەپیکور یەک ملیار دۆلاری لای حکومەتی هەرێمی کوردستانە
ئەپیکور دەڵێت: بڕی یەک ملیار دۆلار قەرزی كۆمپانیاكانی ئەپیكور لای حكومەتی هەرێمی كوردستانە، لە ئەیلوولی 2022 تا ئاداری 2023، زیاتر لە 400 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنانی كۆمپانیاكانی ئەندام لە ئەپیكور راوەستاوە، داهاتی ساڵانەی كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانی بواری نەوت نزیكەی لەسەدا 60 كەمیكردووە، بەهۆی ئەوەی فرۆشی ناوخۆیی، جێگەی فرۆشی لە بازاڕە نێودەوڵەتییەكان گرتووەتەوە. خنكاندنی ئابووریی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بەهۆی راگرتنی هەناردەی نەوت و نەناردنی بودجە.
كاریگەرییەكان لەسەر نەوتی جیهان و بازاڕی نەوت
ئەپیکور ئاماژە بەوە دەکات: راگرتنی هەناردەی نەوت لەڕێگەی بۆریی نەوتی عێراق - توركیا، گوشاری زیاتری خستووەتەسەر بازاڕی ناهاوسەنگی وزە، كە بەهۆی سزاكانی سەر رووسیا و هەڕەشەكان لەسەر گواستنەوەی جیهانی لەڕێگەی دەریای سوورەوە هاوسەنگی لەدەستداوە. عێراق بەردەوام لە سزاكان دەبەخشرێت بۆئەوەی كارەبا لە ئێرانەوە هاوردەی وڵاتەکەی بكات، لەكاتێكدا دەبوو لەرێگەی هەناردەی زیاتری نەوتەوە ژێرخانی وزەی بەهێز بكات.
بەپێی راپۆرتی ئەپیکور "لەوەتەی بۆریی نەوتی عێراق - توركیا داخراوە، ئەمریكا رۆژانە زیاتر لە 250 هەزار بەرمیل نەوت و پێكهاتەكانی لە باشووری عێراقەوە هاوردە كردووە، لەكاتێكدا حكومەتی عێراق رێگەنادات ئەو نەوتەی كۆمپانیا ئەمریكییەكان لە هەرێمی كوردستان بەرهەمیدەهێنن هەناردەی دەرەوە بكرێت.
كاریگەرییەكانی لەسەر هێزی كار لە هەرێمی كوردستان
ئەپیکور لە راپۆرتکەیدا باسی كاریگەرییەكانی راگرتنی هەناردەی نەوت لەسەر هێزی كار لە هەرێمی كوردستان دەکات و دەڵێت: "کۆمپانیاكانی ئەندام لە ئەپیكور سەدان كارمەند و ستافی خۆیان ناردوونەتەوە ماڵەوە، لەناویشیاندا ستافی بیانی و خۆجێی هەن، بەهۆی نەمانی وەبەرهێنانی كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانی بواری نەوت، ژمارەیەكی زیاتر لە كارمەند و ستاف كەمكراونەتەوە، لەو كۆمپانیانەی لە بواری خزمەتگوزارییەكان لە كێڵگە نەوتییەكان و پیشەسازی بەرهەمهێنان كاریان كردووە، وەك كۆمپانیاكانی دابینكردنی شوێنی نیشتەجێكردن، خواردن، چاككردنەوە، ئاسایش، گواستنەوە و بنیادنان."
ئەپیکورد دەڵێت "بەهۆی نەناردنی بودجەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتی عێراقەوە، مووچەی فەرمانبەران دواكەوتووە، لەناویشیاندا، مووچەی مامۆستایان و كارمەندانی تەندروستی."
كاریگەرییەكانی لەسەر ناوبانگ
کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە کە "رێزنەگرتن لە گرێبەستەكان، خواستی بازرگان و وەبەرهێنەرانی جیهان بۆ كاركردن و وەبەرهێنان لە عێراق بەشێوەیەكی بەرچاو كەم دەكاتەوە. چەقبەستوویی لە بابەتی یاسا بودجە و هەناردەی نەوت، عێراقی خستووەتە بەردەم مەترسی دابەشبوونی سیاسی."
کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان (ئەپیکور-APIKUR) کۆمەڵەیەکی وەبەرهێنانی بواری نەوت و گازە. لە مانگی شوباتی 2023 لەلایەن کۆمپانیاکانی DNO، Genel Energy، Gulf Keystone Petroleum، HKN Energy و ShaMaran Petroleum دامەزراوە.
کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان - ئەپیکور، لەبارەی کۆمەڵەکەیەوە دەڵێت "ئامانجمان راکێشانی سەرنجی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت و گاز، وەبەرهێنەر و کۆمپانیاکانی خزمەتگوزارییە تاوەکو هەرێمی کوردستان بکەنە شوێنی وەبەرهێنان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ