بەڕێوەبەری سەربڕخانەی سلێمانی: لە هەفتەی نەورۆز خستنەڕووی گۆشتی سوور کەمتر بووە لە پار

23-03-2023
نازەنین گۆران
نیشانەکردن گۆشتی سوور
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری سەربڕخانەی سلێمانی دەڵێت، لە ماوەی هەفتەیەکدا نزیکەی 500 تۆن گۆشتی سووریان خستووەتە بازاڕەوە، کە بەراورد بە پارساڵ، 50 تۆن کەمترە.
 
رۆژی پێنجشەممە 23-03-2023 شاڵاو عارف، بەڕێوەبەری سەربڕخانەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، پێنج رۆژ پێش جەژنی نەورۆز تاوەکو دوێنی نزیکەی 500 تۆن گۆشتی سوور خراوەتە بازاڕەکانی سلێمانییەوە. هەروەها گوتی: "یەک تۆن و 550 کیلۆگرام گۆشت، کە لە پشکنین دەرنەچووە، رەتکراوەتەوە".
 
بە گوتەی شاڵاو عارف، ئەو گۆشتەی خراوەتە بازاڕەوە 211 تۆن و 750 کیلۆگرام گۆشتی ئاژەڵی بچووک و 294 تۆن گۆشتی ئاژەڵی گەورە بووە. 
 
ئەو بڕە گۆشتەی ئەمساڵ خراوەتە بازاڕەوە 50 تۆن کەمترە لە نەورۆزی 2022
 
بەڕێوەبەری سەربڕخانەی سلێمانی دەڵێت "ئەمساڵیش بڕێکی باش گۆشت خراوەتە بازاڕەوە، بەڵام کەمترە بەراورد بە 2022، چونکە نرخی گۆشت گران بووە، هاوکات نەورۆزی ئەمساڵ باران بوو و خەڵکێکی زۆر نەڕۆیشتبوونە دەرەوە".  
 
هەڵمەت هەمزە، بەڕێوەبەری سەربڕخانەی هاوچەرخی هەولێر، رۆژی سێشەممە 21ـی ئاداری 2023 بە رووداوی گوت، تەنیا لە رۆژانی یەکشەممە 19 و دووشەممە 20ـی ئادار بەبۆنەی نەورۆزەوە 374 سەر رەشەوڵاخ، دوو هەزار و 840 مەڕ و بزن سەربڕدراون. 
 
بەڕێوەبەری سەربڕخانەی هاوچەرخی هەولێر، ئاماژەی بەوەکرد، بەراورد بە پار ساڵ بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی گۆشت، ئەمساڵ سەربڕینی ئاژەڵ کەمتربووەتەوە، پارساڵ بەگشتی زیاتر لە 16 هەزار ئاژەڵی گەورە لەگەڵ 255 هەزار سەر ئاژەڵی وەک مەڕ و بزن سەربڕدران.
 
لەبارەی هۆکارەکانی کەمبوونەوەی سەربڕینی ئاژەڵ، بەڕێوەبەری سەربڕخانەی هاوچەرخی هەولێر، دەڵێت: "نرخی گۆشت بەزیندە قەپان بەراورد بەیەک مانگی رابردوو 50٪ زیادیکردووە... ئەوەش وایکردووە کاریگەری لەسەر فرۆشتنی کیلۆی گۆشتیش بکات، کیلۆیەکی لە 12 هەزار دینارەوە بووەتە 20 هەزار دینار". 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەمڕۆ نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بەڕیژەی 0.3٪ بەرزبووەوە

چوار رۆژە نرخی زێڕ بەردەوامە لە بەرزبوونەوە؛ یەک ئۆنسە بە 2667 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا

نرخی زێڕ بۆ ماوەی چوار رۆژە بەردەوامە لە بەرزبووەنەوە، فراوانبوونی زیاتری جەنگی نێوان ئۆکراینا و رووسیا، خواستی لەلایەن وەبەرهێنەرانەوە بۆ کڕینی کانزای زەرد زیادکردووە.