لە ئامەد نرخی گۆشتی سوور بەرز دەبێتەوە


رووداو-هەولێر

لە شاری ئامەدی باکووری کوردستان، لە دوای زیادبوونی نرخی نان و جۆرەکانی دیکەی خۆراک، نرخی گۆشتی سووریش بەرزبووەوە. لە دامەزراوەی گۆشت و شیر، یەک کیلۆ گۆشتی تکە بە 92 لیرە و لە بازاڕی ئازاد دا بە 130 لیرە دەفرۆشرێ. 
 
دامەزراوەی گۆشت و شیری تورکیا رۆژی دووشەممە 21ی ئاداری 2022 رایگەیاند، نرخی گۆشتی سووریان بە رێژەی 48% بەرزکردووەتەوە. بەمەش نرخی یەک کیلۆ قیمە لە 56 لیرە بۆ 83 لیرە و یەک کیلۆ گۆشتی تکە لە 62.50 لیرە بۆ 92 لیرە بەرزبووەتەوە. 
 
دوای ئەم زیادکردنەی نرخ، لە شاری ئامەد نرخی گۆشتی سوور لە بازاڕی ئازاددا زیاتر بەرزبووەوە. نرخی یەک کیلۆ گۆشتی بەرخ بۆ تکە گەیشتە 130 لیرە، یەک کیلۆ گۆشتی گۆلک بۆ تکە گەیشتە 120 لیرە و نرخی یەک کیلۆ قیمە بۆ 120-130 لیرە بەرزبووەوە. 
 
وەزارەتی کشتوکاڵی تورکیا لە یەکی ئاداری ئەمساڵەوە بۆ راگرتنی هاوسەنگیی نرخ لە بازاڕەکانی ناوخۆدا هەناردەی گۆشتی بۆ وڵاتانی ئازەربایجان، قوبرسی باکوور و نەهچیڤان سنووردار کردبوو. 
 
حاجی ئاتڵی، سەرۆکی ژووری سەربڕخانەکانی ئامەد رایگەیاند، سەرباری سنووردارکردنی هەناردەکردنی گۆشت لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵی تورکیا، بەڵام بەهۆی زیادبوونی تێچووی بەرهەمهێنان، ناچارن نرخی گۆشت بەرزبکەنەوە. 
 
سەرۆکی ژووری سەربڕخانەکانی ئامەد دەڵێ، پێشتر ئالیکمان بە 70-80 لیرە دەکڕی، بەڵام ئێستا نرخی ئالیک بۆ 300-350 لیرە بەرزبووتەوە. هەروەها بەهۆی گرانبوونی نرخی سووتەمەنی تێچووی گواستنەوە بە رێژەی 200% زیادیکردووە. 
 
حاجی ئاتڵی ئاماژەی بەوەدا، پێشتر تێچووی نرخی گواستنەوە پێنج هەزار لیرە بوو، بەڵام ئێستا بۆ 14-15 هەزار لیرە بەرزبووەتەوە، پێویستە حکومەت بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە هاوکاریی ئاژەڵداران بکات.