هەناردەکردنی نەوتی کوردستان جارێکی دیکە راگیرا

رووداو - هەولێر
 
سەرچاوەیەک لە تورکیا ئاشکرایکردووە، کە هەناردەکردنی نەوتی خاوی کوردستان بۆ بازاڕەکانی جیهان وەستاوە، بەهۆی ئەنجامدانی کاری دزی لەو بۆریە و کونکردنی. 


سەرچاوەیەکی دەریایی رایگەیاند، کە رۆژی سێشەممە 22-3-2016 هەناردەکردنی نەوتی خاوی کوردستان بۆ بازاڕەکانی جیهان لە رێگای بۆڕی نەوتی کوردستان - جەیهانەوە بەهۆی ئەنجامدانی دزیکردن و کونکردنی بۆرییەکە لە ناوچەی رووها لە باکووری کوردستان وەستاوە .

ئەمە لەکاتێکدایە کە لە 17ی شوباتی مانگی رابردوو جارێکی دیکە بەهۆی هێرشکردنە سەر بۆری نەوتی کوردستان هەناردەکردنی نەوت بۆ ماوەی 3 هەفتە وەستا و زیانێکی دارایی گەورەی بەر حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیاند. 

بۆری نەوتی کوردستان جەیهان رۆژانە توانای هەناردەکردنی زیاتر لە 600 هەزار بەرمیل نەوتی هەیە، حکومەتی هەریمی کوردستانیش رۆژانە ئەو قەبارە نەوتە لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان و کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووكەوە هەناردە دەکات.