رووداو دیجیتاڵ
نرخی پشکەکانی کۆمپانیای ئێن ڤیدیای بواری چیپی ئەلیکترۆنی و ژیریی دەستکرد گەیشتە نزیکەی 800 دۆلار، بەهای کۆمپانیاکەش گەیشتە نزیکەی 2 ترلیۆن دۆلار.
ئەمڕۆ هەینی، 23.2.2024، نرخی پشکەکانی ئێن ڤیدیا، کۆمپانیای ناسراوی بواری بەرهەمهێنانی چیپی ئەلیکترۆنی، بەردەوامیی بە بەرزبوونەوەکانی دوێنێ دا و نرخی هەر پشکێکی گەیشتە 799 دۆلار.
تەنیا لە دوێنێ پێنجشەممەوە، نرخی هەر پشکێکی کۆمپانیاکە زیاتر لە 50 دۆلار بەرزبووەتەوە. لە یەک مانگیشدا گەیشتووەتە 200 دۆلار.
زیادبوونی قازانجەکانی بە ئاستێکی زیاتر لە چاوەڕوانییەکان، هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی پشکەکانی ئێن ڤیدیایە؛ کاتێک دوێنێ پێنجشەممە رایگەیاند، قازانجەکانی لە چارەکی چوارەمی 2023ـدا گەیشتووەتە 12 ملیار و 300 ملیۆن دۆلار.
ئەمە لە کاتێکدایە، ئێن ڤیدیا لە چارەکی چوارەمی 2022 دا تەنیا ملیارێک و 400 ملیۆن دۆلار قازانجی کردبوو. بەوپێیەش قازانجی کۆمپانیاکە لە ساڵێکدا 769٪ بەرزبووەتەوە.
بۆ ساڵی 2023 کۆمپانیای ئێن ڤیدیا 60.9 ملیار دۆلار داهاتی هەبووە و بەتەنیا لە چارەکی چوارەمدا قەبارەی داهاتی کۆمپانیاکە 22.1 ملیار دۆلار بووە.
هەر لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی نرخی پشکەکانیەوە، بەهای کۆمپانیای ئێن ڤیدیا نزیکەی 800 ملیۆن دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە یەک ترلیۆن و 963 ملیار دۆلار.
بەهۆی ئەو بەرزبوونەوە زۆرەوە، ئێن ڤیدیا ئێستا چوارەم گەورەترین کۆمپانیای جیهانە لە رووی بەهاوە و پێش هەریەک لە ئەمازۆن و ئەلفابێت کەوتووەتەوە.
ئادەم سەرهان، شارەزای بازاڕەکان لە دامەزراوەی دارایی 50 Park Investment دەڵێت، "ئێن ڤیدیا پێشانی دەدات کە ژیریی دەستکرد بۆ مانەوە لێرەیە". دەشڵێت، "ئەمە خاڵێكی وەرچەرخانە کە ژیریی دەستکرد رەوتی سەرەکی وەردەگرێت و بەکارهێنانی بەکۆمەڵی زیاد دەکات، ئەوەش نرخی پشکەکانی زۆر بەرزدەکاتەوە".
ئێن ڤیدیا نزیکەی 70٪ـی فرۆشی سێمی کۆنداکتەری جیهان پێکدەهێنێت.
رۆژی پێنجشەممە بانکی گۆڵدمان ساکس رایگەیاند، "ئێن ڤیدیا گرنگترین پشکە لەسەر هەسارەی زەوی".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ