رووداو دیجیتاڵ
بە گوێرەی یاسای خانەنشینی، زیاتر لە 30 هەزار فەرمانبەر خانەنشین دەکرێن و هەر یەکەیان 18 مووچە پێکەوە وەردەگرن، بەڵام مووچەی ئەم مانگە وەرناگرن.
بە گوێرەی رێنماییەکی وەزارەتی دارایی، کە 22ـی کانوونی دووەمی 2025 ئاراستەی فەرمانگەکان کراوە، فەرمانبەران بە گوێرەی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی ژمارە 9ـی ساڵی 2014 خانەنشین دەکرێن، بەوپێیەش هەر فەرمانبەرێک بووبێت بە 60 ساڵ خانەنشین دەکرێت، جگە لە هەندێک توێژ کە لە 63 و 65 ساڵی خانەنشین دەکرێن.
لە یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراقدا هاتووە، هەر فەرمانبەرێک خانەنشین دەبێت، 12 مووچەی کاتی دەوامکردنی وەردەگرێت کە پێی دەگوترێت شایستەی خانەنشینی، واتە هەر فەرمانبەرێکی هەرێمی کوردستان کە بەو یاسایە خانەنشین دەکرێت، مووچەکەیان لەکاتی دەوامدا هەرچەند بێت، بەو بڕە، 12 مووچە وەردەگرێ.
هەروەها لە یاسای خزمەتی شارستانی ژمارە 24ی ساڵی 1960 لە مادەی 45 هاتووە، "هەر فەرمانبەرێک لە ماوەی کارکردنی دا لەو مۆڵەتەی هەیەتی، 180 رۆژ مۆڵەتی نەکردبێت، ئەوا لەکاتی خانەنشینبوونیدا شەش مووچەی بنەڕەتی بەسەر یەکەوە وەردەگرێت."
"بەو پێیەش، هەر فەرمانبەرێک کە بەیاسای خانەنشینی یەکگرتوو خانەنشین دەبێ، 18 مووچە بەسەر یەکەوە وەردەگرێت کە 12 مووچەیان گشتییە و شەش مووچەشیان بنەڕەتییە." ئەمەش بەپێی یاسای خزمەتی شارستانی.
لەوبارەیەوە بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینی سلێمانی بە رووداوی گوت: "لەنزیکەی هەفتەیەک بۆ 20 رۆژ دا پارەکە بۆ ئەو کەسانە خەرجدەکرێت کە خانەنشین دەکرێن، لە دوای تەواوبوونی مامەڵەکان کە نزیکەی سێ مانگ دەخایێنێت، مووچەی مانگانەی خانەنشینی وەردەگرن".
بە گوێرەی رێنماییەکەی وەزارەتی دارایی، هەر فەرمانبەرێک لەدایکبووی ساڵەکانی 1962، 1963 و 1964 بێت، دەبێت راستەوخۆ خانەنشین بکرێت و لەکارترازانی لە 31-12-2024 بۆ بکرێت و هەر چەندێک دەوامیان کردبێت لەدوای ئەو رێکەوتەوە بۆیان بەخزمەت هەژمار ناکرێت و مووچەی ئەو ماوەیە وەرناگرن."
لەو دۆخەدا فەرمانبەرانی ئەو سێ تەمەنە "زیانمەند" دەبن، چونکە بەپێی رێنماییەکەی وەزارەتی دارایی، لە 22ی مانگی یەک کە فەرمانبەرانیش دەوامیان کردووە ئەوا "لەم کاتەدا 22 رۆژ دەوامکردنی مانگی کانوونی دووەمی دەفەوتێت و هەر پارەیەکیشیان بۆ خەرجکرابێت لەو ماوەیەدا لێیان وەردەگیرێتەوە."
هەر بەگوێرەی رێنماییەکە، تەمەنی یاسایی بۆ خانەنشینی ئارەزوومەندانە 50 ساڵی تەمەن یان 25 ساڵ خزمەتە، بەڵام پێشتر هەر فەرمانبەرێک تەمەنی 45 ساڵ بووبێت یان 15 ساڵ خزمەتی هەبووبێت خانەنشین کراوە.
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، ئەو فەرمانبەرانەی تاوەکو 3-7-2024 مامەڵەی خانەنشینبوونی ئارەزوومەندانەیان کردووە، مامەڵەکانیان رایی دەکرێت، بەڵام لەدوای ئەو رێکەوتەوە، ئەگەر فەرمانبەر تەمەنی نەبووبێتە 50 ساڵ، یان خزمەتی 25 ساڵی نەبێت، خانەنشین ناکرێت هەر چەندێک پاداشتیشی وەرگرتبێت لێی وەردەگیرێتەوە و دەبێت بچێتەوە سەر کارەکەی.
پلە بەرزکردنەوە
زیاتر لە 10 ساڵە پلە بەرزکردنەوە لە هەرێمی کوردستان وەستاوە؛ بە گوێرەی سەرچاوەیەک لە خانەنشینی سلێمانی بۆ رووداو: "بەجێبەجێکردنی ئەو یاسایە و خانەنشینبوونی فەرمانبەران، هەموو ئەو پلە بەرزکردنەوانەی وەستاون و نەکراون، دەفەوتێت."
لە کاتێکدا ئەگەر "ئەو پلە بەرزکردنەوانە بکرانایە مووچەی فەرمانبەران زیادی دەکرد، لەکاتی ئەرکدا و لەکاتی خانەنشینبوونیش مووچەکانیان زیادی دەکرد."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ