پار هەرێمی کوردستان نزیکەی 40 هەزار تۆن پەتاتەی هەناردە کردووە

23-01-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پار لە هەرێمی کوردستانەوە دەیان تۆن پەتاتە، سێو و هەنار هەناردەی دەرەوە کراون، زۆرترینیان بۆ وڵاتانی کەنداو بووە. هەناردەکردنی هەنار کەمی کردووە و پەتاتەش زیادی کردووە.
 
پێنجشەممە، 23ـی کانوونی دووەمی 2025، مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پار نزیکەی 40 هەزار تۆن پەتاتە هەناردەی ئیمارات و وڵاتانی دیکەی کەنداو کراوە. هەندێکیشی هەناردەی ئەفریقا کراوە."
 
بە گوتەی مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، پێرار تەنیا 20 هەزار تۆن پەتاتە هەناردە کرابوو.
 
هەرێمی کوردستان زیاتر بەکاربەرە نەک هەناردەکار، بەڵام ساڵانە لەکاتی پێگەیشتنی بەرهەمە خۆماڵییەکان، بەشێکیان هەناردە دەکات، بەتایبەت هەنار، پەتاتە، سێو، برنج و هەندێک جاریش هەنگوین.
 
سەبارەت بە هەناردەکردنی بەرهەمەکانی دیکە، سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان گوتی: "پار 10 هەزار تۆن سێوی بەرواری باڵا هەناردە کرا، زۆرترینیان بۆ وڵاتانی کەنداو بووە، بەڵام هەناردەکردنی هەنار کەمی کردووە و 100 تۆن هەناری هەڵەبجە هەناردە کرا."
 
هەرێمی کوردستان برنجیش هەناردە دەکات. مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان دەڵێت، "پار 23 هەزار تۆن برنج لە دهۆک و ئاکرێ بۆ شارەکانی خوارووی عێراق هەناردە کراوە."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە