رووداو دیجیتاڵ
بانکی ناوەندیی تورکیا لە یەکەمین کۆبوونەوەی 2025ـدا رێژەی سوودی بانکی رادەگەیێنێت؛ پێشبینییەکان بەو ئاراستەیەن رێژەی سوودی بانکی کەم بکرێتەوە.
ئەنجوومەنی سیاسەتی نەختینەیی دراوی بانکی ناوەندیی تورکیا دوای نیوەڕۆی (رۆژی پێنجشەممە، 23ـی کانوونی دووەمی 2025) بە سەرۆکایەتیی فاتیح کاراهان، سەرۆکی بانکی ناوەندی کۆدەبێتەوە و لە کاژێر 14:00ـدا بڕیاری خۆی لەبارەی سوودی بانکی رادەگەیێنێت.
بازاڕەکانی ناوخۆ سەرنجیان لەسەر بڕیاری بانکەکەیە. بە گوێرەی راپرسییەکی ئانادۆڵ کە بە بەشداریی 17 شارەزای ئابووری کراوە، پێشبینی دەکرێت بانکی ناوەندیی تورکیا بە کەمکردنەوەی 250 خاڵ سوودی بانکی لە 47.50٪ بۆ 45٪ کەم بکاتەوە.
لە راپرسییەکەدا چاوەڕوانی ئابووریناسان بۆ رێژەی سوودی بانکی لە کۆتایی 2025 ـدا 30٪ بووە.
بانکی ناوەندیی تورکیا دوای دوو ساڵ، لە دوایین کۆبوونەوەی پارساڵدا کە رۆژی پێنجشەممە 26ـی کانوونی یەکەمی 2024 کرا، بە کەمکردنەوەی 250 خاڵ رێژەی سوودی بانکی لە 50٪ بۆ 47.50٪ کەمکردەوە. بەمشێوەیە بۆ یەکەمجار لە ماوەی 22 مانگدا رێژەی سوود کەمکرایەوە.
بانکی ناوەندیی تورکیا جیاواز لە ساڵانی رابردوو کە مانگانە کۆدەبووەوە، ئەم ساڵ تەنیا 8 جار کۆدەبێتەوە. مانگی شوبات کۆبوونەوەی نابێت و دووەم کۆبوونەوەی ئەم ساڵی لە شەشی ئاداردا دەکات.
بانکی ناوەندیی تورکیا بەنیازە لە ساڵی 2025 سیستمی وەبەرهێنانی پارێزراوی دراو هەڵبوەشێنێتەوە، کە بە ئامانجی وەستاندنی دابەزینی بەهای لیرەی تورکی بەرامبەر بە دراوی بیانی جێبەجێ کراوە.
راپۆرتەکە پێشبینی دەکات، لەگەڵ دەرکەوتنی پڕۆسەی دابەزاندنی هەڵاوسان، لە ساڵی 2025 ـدا خواست لەسەر لیرەی تورکی بەردەوام بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ