هێرشی حووسییەکان لە دەریای سوور نرخی کەلوپەلی نێوماڵ لە هەرێمی کوردستان گران دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

هێرشی حووسییەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی بابولمەندەب و کەناڵی سوێس لە دەریایی سوور، نرخی گواستنەوەی لە دەریاکە 300% گران کردووە. بازرگانێکی کورد لە چین دەڵێت، بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی کەلوپەلی نێوماڵ و کەرەستەی بیناسازی لە هەرێمی کوردستان.
 
لە بوولتەنی ئابووری، ئەمڕۆ 23-01-2024 محەممەد شێخ فاتیح بە داتا باسی گۆڕانکاریی تێچووی نرخی گواستنەوەی لە دەریای سوور کرد، کە بەگوێرەی پێنوێنی شەنگهای (SCFI) نرخی هەر کۆنتێنەرێک بە قەبارەی 400 پێ کە لە شەنگهایەوە بڕوات بۆ ئەوروپا، تێچووی گواستنەوەکەی پێشتر 2871 دۆلار بووە و ئێستا بۆ 3101 دۆلار بەرزبووەتەوە.
 
 
لەبارەی کاریگەریی هێرشەکانی حووسییەکان لەسەر تێچووی گواستنەوە لە دەریای سوور، محەممەد شێخ فاتیح ئەوەی خستەڕوو، بەهۆی زیادبوونی کات و ماوەی نرخی گواستنەوە و زیادبوونی بیمەوە، کەشتییەک پێشتر ئەگەر لە سەنگاپوورەوە لە رێگەی کەناڵی سوێسەوە بەبێ کێشە بڕۆشتایە، بە 26 رۆژ دەگەیشتە بەندەری رۆتردام لە هۆڵەندا، ئێستا کەشتییەکان رێگەکەیان گۆڕیوە و 10 رۆژ درەنگتر دەگەن.
 
 
هۆکاری بەرزبوونەوەی تێچووی گواستنەوی کەشتییەکان دەگەڕێتەوە بۆ هێرشی حووسییەکان، کرێی کار، بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی کە بەهۆی دوورکەوتنەوەی رێگەی کەشتییەکان سووتەمەنیی زیاتریان پێویستە و کەشتییە بازرگانییەکانی نەوت و گازیش بەهۆی درەنگ گەیشتنیان نرخیان بەرزبووەتەوە. لەگەڵ بەرزبوونەوەی بیمە و نزیکبوونەوەی سەری ساڵی چینی.
 
لە 19ی تشرینی دووەمی ساڵی رابردووەوە، حووسییەکان کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، نزیکەی 40 جار هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییەکانی دەریای سوور. لە وەڵامی ئەوەدا، ئەمریکا و بەریتانیا چوار جار هێرشیان کردووەتە سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حووسییەکان.
 
لە کۆی پێنج کۆمپانیای هەرە گەورەی گواستنەوەی دەریایی، چواریان بڕیاریان داوە بە دەریای سووردا نەڕۆن، لە ئەنجامدا کات و تێچووی گواستنەوە زیادیکردووە؛ ئەوەش زیانی بە ئابووریی جیهان گەیاندووە، لە کاتێکدا کە 15%ی بازرگانیی دەریایی جیهان، بە دەریای سووردا تێدەپەڕێت لەنێویدا 8%ی بازرگانیی گەنمی جیهان، 12%ی ئەو نەوتەی بە رێگەی ئاوی دەگوازرێتەوە، هەروەها 8%ی گازی سرووشتیی شلکراوی جیهان بەو رێڕەوەدا دەرباز دەبێت.
 
قەبارەی بازرگانیی نێوان عێراق و چین ساڵی رابردوو 50 ملیار دۆلار بووە
 
 
پرسی گرژییەکان لە دەریای سوور لە چینیش گەرمە؛ بەپێی ئەو زانیارییانەی مەهدی فەرەج، پەیامنێری رووداو لە پەکین لە حکومەتی ئەو وڵاتەوە دەستیکەوتووە، چین داوای کۆتاییهێنان بە ئاڵۆزییەکان لە دەریای سوور دەکات.
 
پەیوەست بە بازرگانیی نێوان چین و عێراقیش گوتی، "قەبارەی بازرگانیی چین لەگەڵ عێراق ساڵی رابردوو 50 ملیار دۆلار بووە، هەروەک عێراق ئەندامە لە رێگەی پشتوێن و رێگەی نوێ، چین لە رێگەی بەندەرەکانی ئوم قەسر لە بەسرە و مێرسین لە باکووری کوردستان کەلوپەل دەگوازێتەوە بۆ نێوخۆی عێراق، بەڵام ئێستا لە بەندەری مێرسین کێشە بۆ بازرگانییەکە دروست بووە."
 
پشووەکانی چین کاریگەریی تەواویان لەسەر بەرز و نزمیی نرخەکان دەبێت. بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو لە پەکین، لە دوو رۆژی رابردوو خواستێکی زۆر هەبووە بۆ کڕینی کاڵا و کەلوپەل، بەوەش نرخی هەر کۆنتێنەرێک 500 دۆلار دابەزیوە، چونکە بازرگانان تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە دەتوانن کاڵا بکڕن و دواتر لە 10-02-2024ەوە تاوەکو 25-02-2024 لە چین پشووەکانی سەری ساڵ دەبێت؛ بازرگانان دەیانەوێت ئێستا کاڵاکانیان بکڕن و هەناردەی بکەن.
 
بازرگانێکی کورد نهێنییەک لەسەر بازرگانانی تورکیا، سووریا و لوبنان لە دەریا سوور ئاشکرا دەکات
 
 
بازرگانێکی کورد زانیارییەکی نوێ ئاشکرا دەکات لەسەر بازرگانی لە دەریای سوور و دەڵێت، "بەهۆی گرژییەکانی دەریای سوور بازرگانانی تورکیا، لوبنان و سووریا کاڵاکانیان لە وڵاتی چینەوە هەناردەی عێراق دەکەن و لەوێوە دەیگوازنەوە وڵاتەکانیان."
 
سەنگەر فازڵ، بازرگانی کورد لە چین لەکاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی ئابووری، کە محەممەد شێخ فاتیح پێشکێشی دەکات، لە رێگەی سکایپەوە لە شاری ئیپۆ بەشدار بوو و گوتی، نرخی گواستنەوەی دەریایی دوو هێندە و نیو گران بووە، لۆدێکی زۆر لەسەر دەستکەوتنی کۆنتێنەرەکانە، چونکە بەهۆی سەری ساڵی چینییەوە بازرگانان کاڵایەکی زۆریان کڕیوە و دەیانەوێت پێش سەری ساڵی چینی هەناردەیان بکەن، ماوەی دوو مانگە کەشتییە بازرگانییەکان ناتوانن داخڵی وڵاتی لوبنان ببن و کێشە لە مێرسینیش دروست بووە.
 
نرخی هەر کۆنتێنەرێک، بە گوتەی ئەو بازرگانە کوردە، 40 پێ تێچووی گواستنەوەی نزیکەی 3000 بۆ 3500 دۆلار گران بووە، بەتایبەت گواستنەوەی کاڵای نێوماڵ و بیناسازی و ئەو کاڵایانەی قەبارەیان گەورەیە گران بووە؛ بە نموونە ئەگەر تاقمێکی قەنەفە پێشتر بە 1000 دۆلار بووبێت، ئێستا کرێکەی 300 دۆلار زیادی کردووە، کەواتە نرخەکەی دەبێتە 1300 دۆلار.
 
عێراق کەمترین زیانی بەرکەوتووە بەراورد بە وڵاتانی وەکو لوبنان، سووریا و تەنانەت تورکیا، ئەمەش بە گوتەی سەنگەر فازڵ، کە دەشڵێت، هەندێک کاڵا لە چینەوە هەناردەی عێراق دەکەن و لەوێوە دەیبەنەوە بۆ وڵاتی خۆیان و کاڵاکان لە بەندەری ئوم قەسرەوە دەگەنە عێراق.
 
"لە نێوەڕاستی مانگی ئادار خواست لەسەر دۆلار زیاد دەکات"
 
لەبارەی خواستی بازرگانان بۆ دۆلار لە عێراق، ئەو بازرگانە کوردە لە چین دەڵێت، خواست کەم دەکات، هۆکاری ئەوەشی گەڕاندووەتەوە بۆ ئەوەی کە بەهۆی پشووەکانی چینەوە بازرگانان پێویستیان بە دۆلار نابێت بە قەبارەیەکی زۆر، بەڵام پاش کۆتایی پشووەکانی سەری ساڵی چینی، بەتایبەت لە 20ی مانگی ئادارەوە بازرگانان بە قەبارەیەکی گەورە دەست بە هەناردەکردنی کاڵا بۆ عێراق دەکەنەوە، بەوەش خواست لەسەر دۆلار لەو کاتەدا لە بازاڕەکانی عێراق زیاد دەکات.
 
لەم مانگەدا، بەهای دینار بەرامبەر دۆلار لە ئاستەکانی 151 هەزار بۆ 153 هەزار دینار بوو، هۆکاری جێگیریی بەهای دینار لەم ئاستەدا دەگەڕێتەوە بۆ کەمبوونەوەی مامەڵەی بازرگانیی عێراق لەگەڵ وڵاتی چین، کە ساڵانە قەبارەی هەناردەی چین بۆ عێراق دەگاتە نزیکەی 14 بۆ 17 ملیار دۆلار.
 
نرخی دینار ئەمڕۆ لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان لە نزیکەی 151 هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت.