وەزارەتی دارایی داوای لیستی مووچەی ئەم مانگە و مانگەکانی داهاتوو لە گەنجینەکان دەکات

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە دوو نووسراو داوا لە سەرۆکایەتییەکانی حکومەت و پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەری و گەنجینەکانی هەرێمی کوردستان دەکات لیستی مووچەی فەرمانبەرانیان بۆ مانگی کانوونی دووەم بۆ بنێرن و، ئەو کارەش مانگانە بێت. 
 
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە دوو نووسراو، کە یەکێکیانی بۆ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە وەزارەتەکانییەوە، دەسەڵاتی دادوەری و پەرلەمانی کوردستان ئاراستە کردووە، داوایان لێدەکات لیستی مووچە و جۆری دەرماڵەکان، لێبڕینی خانەنشین و باجی دەرامەتی فەرمانبەران بە وردبینی و پەسەندکراوی وەزارەتەکان و فەرمانگە نەبەستراوەکان بە وەزارەت بۆ مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2024 بەزووترین کات رەوانەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکەیان (بەڕێوەبەرایەتی خەرجییەکان) بکرێت بەمەبەستی پارەدارکردنی مووچە. 
 
هەروەها لە نووسراوەکەدا ئەوەش هاتووە؛ مانگانە بە هەمان شێوە پێش هەموو پێنجی مانگ، لیستی مووچە بگاتە دەستیان بۆ کاری پێویست.
 
رۆژی سێشەممە، 23-1-2024، شادمان ئازاد، بەڕێوەبەری گەنجینەی پارێزگای هەڵەبجە، بە رووداو گوت "نووسراوەکان راستن و هەردووکیان ئاڕاستە کراون، داواکراوە لیستی مووچە بە وردەکارییەکانیانەوە رەوانە بکرێن و ئەوەش هەموو مانگێک پێش 5ـی مانگ بگاتە وەزارەتی دارایی بەمەبەستی خەرجکردن و پارەدارکردنی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان."
 
داواکردنی لیستی مووچەی وەزارەت و فەرمانگەکان لەکاتێکدایە، رۆژی 16ـی کانوونى دووەمى 2024، وەزارەتی دارایی حکومەتی ناوەندیی عێراق بە نووسراوێک کە ئاراستەى سەرجەم دامەزراوەکانى عێراقی کردووە، داوای لیستی مووچەی فەرمانبەرانیان لێدەکات، نووسراوەکە وەزارەتى دارایی حکومەتى هەرێمى کوردستانیشی تێدایە.
 
بەگوێرەى نووسراوەکە، ئەو لیستە دەبێت مووچەى بنەڕەتیی فەرمانبەران و سەرجەم دەرماڵەکان و پارەى لێبڕینى خانەنشینى تێدابێت لە دواى وردبینیکردنى لە رێگەى بەڕێوەبەرى گشتى یان بەشی ژمێریاریی وەزارەتەکان، بۆ ئەوەى لە خەرجیى مانگانەى پارەکانیان پشتى پێ ببەسترێت.
 
رۆژی دووشەممە 23ـی کانوونی دووەمی 2024، عەمار سەباح مەشهەدانی، سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق لە لێدوانێکدا بە ئاژانسی فەرمیی عێراق (واع)ـی راگەیاند "وردبینیمان لە لیست و ناوی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تەواو کردووە، کارەکەشمان لە 30 رۆژدا تەواوکرد و ئەنجامەکانمان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران ناردووە." 
 
هەرێمی کوردستان مانگانە پێویستی بە نزیکەی 940 ملیار دینارە بۆ مووچە، پێشتر لە داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 700 ملیار دینار بۆ مووچە تەرخان دەکرا، بەڵام لەدوای راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەهۆی بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانی پاریس لە 25ـی ئاداری 2023ـەوە، هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان راگیراوە و بۆ دابەشکردنی مووچە، پشت بە داهاتی نێوخۆ و ئەو پارەیە دەبەسترێت عێراق رەوانەی هەرێمی کوردستانی دەکات.
 
رۆژی 14ـی کانوونى دووەمى 2024، ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بڕیاریدا بە پارەدارکردنى هەرێمى کوردستان بە بڕی 618 ملیار و 587 ملیۆن و 29 هەزار و 346 دینار بۆ مووچەی مانگی کانوونی دووەمی 2024.