کۆڕبەندی داڤۆس سوودێکی ئابووری زۆری بۆ خەڵکی شارۆچکەکە دەبێت

رووداو - داڤۆس

کۆڕبەندی ساڵانەی ئابووریی جیهان لە داڤۆس بەڕێوەدەچێت، بەهۆی ئەم کۆڕبەندە جیهانییەوە نزیکەی 11 هەزار کەس لە کەسایەتییە دیارە: سیاسی، ئابووری، بازرگانی، خاوەنکارەکان هەروەها ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیاران روویان لەم شارۆچکەیەی ناوچە شاخاوییەکانی ئاڵپی سویسرا کردووە.


شەپۆلی سەردانیکەران و گەشتیاران ژمارەی دانیشتووانی شارەکەی دووهێندە کردووە، ئەمەش قورساییەکی زۆری خستووەتە سەر هۆتێل و ریستۆرانتەکانی شارۆچکەکە؛ هاوکات خزمەتێکی باشیشی بە بووژانەوەی ئابووریی داڤۆس کردووە.

ئادریان وێبەر، فرۆشیارە لە داڤۆس و دەڵێ "بەڵێ ئێمە کارمان باشە. بیرۆکەی دیکەشمان هەیە، ئێمە هەندێک کۆمپانیای گەورەمان هەن کە دەیانەوێت هەموو ریستۆرانت و نانەواخانەکە بە کرێ بدەن، بەڵام ئێمە گوتمان نا. بۆ ئێمە ئەوە گرنگە کە بۆ میوانە ئاساییەکانیشمان کراوە بین". 

بۆ ئەوانەی لە داڤۆس دووکاندار یان خاوەن پیشەن، کۆڕبەندەکە سەرچاوەیەکی باشی پەیداکردنی پارەیە لە رێگەی فرۆشی زۆر و بەرزەوە؛ بەڵام هەموو دانیشتووانی داڤۆس دووکاندارنین؛ رێوشوێنە ئەمنییەکان بۆ پاراستنی ئاسایشی کۆڕبەندەکە و بەشداربووانی کۆڕبەندەکە رەوتی ئاسایی رۆژانەی شارۆچکەکەی گۆڕیوە.  

ریمۆ گرۆس، فرۆشیارێکی دیکەی شارۆچکەکە باسی ئەوە دەکات "پێموایە 50% پاڵپشتیی دەکەن و 50% نایکەن. هەموو ئەوانەی کە دەتوانن شوقەکانیان بە هەزاران فڕانک بە کرێ بدەن، خۆشحاڵن. ئەوانەی کە لە داڤۆس دەژین و ئەوانەی کە پێویستیان بە ناسنامەیەکە تاوەکو پێی بگەنەوە ماڵەکانیان، خۆشحاڵ نین".

کۆڕبەندکە چوار رۆژ دەخایەنێت، دەبێتە سەرچاوەیەکی ئابووریی باش بۆ خاوەن پیشە و دانیشتووانی داڤۆس کە بە هۆیەوە نزیکەی 50 ملیۆن دۆلار داهاتیان دەبێت و نزیکەی نیوەی ئەو پارەیەش بۆ هۆتێلەکان دەبێت. 



 

پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار