دادگەیەکی بەغدا پووچەڵکردنەوەی گرێبەستی کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان رەتدەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەو کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییانەی لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، سەرکەوتنێکی یاسایی گەورەیان لە بەغدا بەدەستهێنا، دوای ئەوەی دادگەی تێهەڵچوونەوەی کەرخ داوایەکی وەزارەتی نەوتی عێراقی رەتکردەوە و بڕیارەکانی پێشووی دادگەی هەڵوەشاندنەوە، کە گرێبەستەکانی نێوان ئەو کۆمپانیایانە و حکومەتی هەرێمی کوردستانیان بە پووچەڵ هەژمارکردبوو.
بەگوێرەی راپۆرتێکی پێگەی Iraqi Oil Report، دادگەی تێهەڵچوونەوەی کەرخ، بە دەرکردنی ئەو بڕیارە لە 18ـی ئەم مانگە، کۆتایی بە هەڵمەتی یاسایی وەزارەتی نەوتی عێراق لە دژی 9 کۆمپانیا دێنێت، کە بریتین لە کۆمپانیاکانی؛ ئەداکس، دانە گاز، دی ئێن ئۆ، گازپڕۆم نەفت، گەنەل ئینێرجی، گەڵف کیستۆن، ئێچ کەی ئێن، شاماران و وێسترن زاگرۆس.
بڕیارەکەی دادگەی کەرخ دەڵێت، گرێبەستی نێوان ئەو کۆمپانیایانە و حکومەتی هەرێمی کوردستان، یاسایین، وێڕای ئەوەی گرێبەستەکان پشت بەو بنەما یاساییانە دەبەستن کە دادگەی باڵای عێراق لە شوباتی 2022 بە نادەستووری داینابوون.
وەزارەتی نەوتی عێراق لە ئایاری 2022 دەستی بە سکاڵاتۆمارکردن کرد بۆ ئەوەی گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان هەڵبوەشێنێتەوە، ئەوەش ماوەیەکی کەم دوای بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق.
دواتر دادگەی کەرخ لە تەممووز و تشرینی یەکەمی 2022 ژماریەک بڕیاری دەرکرد بۆ پووچەڵکردنەوەی گرێبەستی کۆمپانیاکانی ئەداکس، گەنەل ئینێرجی، گەڵف کیستۆن، ئێچ کەی ئێن ئینێرجی، شاماران و وێسترن زاگرۆس، بەڵام هیچ بڕیارێکی ئاشکرای بۆ دانە گاز و گازپڕۆم نەفت نەبوو.
دوای ئەوە، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان داوای تێهەڵچوونەوەی تۆمارکرد، کە دواجار ئەمساڵ بڕیاری لەسەر درا.
لە ئاب و ئەیلوول، دادگەی تێهەڵچوونەوەی کەرخ بڕیارەکانی پێشووی رەتکردنەوە.
دوای ئەوە، وەزارەتی نەوتی عێراق جارێکی داوای تێهەڵچوونەوەی لە دادگەکە کرد بۆ ئەوەی گرێبەستەکان بە پووچەڵ دابنێت.
دوای چەند جارێک دواخستن، 15ـی ئەم مانگە دادگە لەسەر ئەو دۆسیە کۆبووەوە.
دادگەی تێهەڵچوونەوەی کەرخ لە 18ـی ئەم مانگە، 9 بڕیاری دەرکرد، واتە لەسەر دۆسیەی هەر کۆمپانیایەک بڕیارێکی دەرکرد و داواکەی وەزارەتی نەوتی عێراقی رەتکردەوە، رازینەبوو گرێبەستەکان بە پووچەڵ هەژماربکات.
بەڵام بەم بڕیارەی دادگەی تێهەڵچوونەوەی کەرخ، سەرئێشەی کۆمپانیا نەوتییەکان کۆتایی نایەت.
هەرچەندە بڕیارەکە کۆتایی بە کێشەیەکی یاسایی دیاریکراو دەهێنێت، بە واتەی ئەوە نایەت حکومەت و دامودەزگە فیدراڵییەکان پشتیوانی لە گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بکەن. لەبەرئەوەی گرێبەستەکان بە پشتبەستن بە یاسای نەوت و گازی ساڵی 2007ـی هەرێمی کوردستان کراون، یاسایێک کە لە لایەن دادگەی باڵای فیدراڵییەوە بە پووچەڵ دادەنرێت.
بۆیە گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دەگەڕێنەوە نێو گێژاوێکی سیاسی و یاسایی. واتە گرێبەستەکان پووچەڵ نین، بەڵام دەکرێت وەزارەتی نەوتی عێراق بڵێت لەگەڵ یاساکانی عێراق دا ناگونجێن و سەرەنجام بە نایاسایی دایانبنێت.
بڕیارەکەی 18ـی ئەم مانگە هاوکاتە لەگەڵ هەوڵە سیاسییەکان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان لە رێگەی بۆڕیەوە بۆ تورکیا.
تشرینی دووەمی ئەمساڵ، حکومەتی فیدراڵیی عێراق پێشنیازێکی پەسندکرد بۆ ئەوەی یاسای بودجە هەمواربکاتەوە و بڕە پارەیەکی دیکە بۆ خاوەن گرێبەستەکانی نەوتی کوردستان دیاریبکات، بۆ ئەوەی بتوانن دەست بە دەرهێنانەوەی نەوت بکەن و لە رێگەی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)ـوە بفرۆشرێت.
ئەو هەموارە لە پەرلەمانی عێراق هەندێ دژایەتیی بۆ دروستبوو. پەرلەمانەکە پێش ئەوەی خوێندنەوەی دووەم یان دەنگدانی بۆ بکات، چووە نێو پشووەوە. خوێندنەوەی دووەمی هەموارەکە لانیکەم تاوەکو مانگی داهاتوو دواخراوە.