رووداو زانیاری لەبارەی دوایین هۆشداریی وەزیری دارایی عێراق بڵاودەکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
کارەکانی شاندە تەکنیکییەکەی وەزارەتی دارایی عێراق لە هەرێمی کوردستان کۆتاییان هات. شاندێکی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات و دوایین بەراوردی مووچە و بودجە دەکەن. وەزیری دارایی عێراق کۆمەڵێک سەرنجی داوەتە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، ئەگەر چارەسەر نەکرێن، مووچە نانێرێت.
بڕیارە ئەمڕۆ (یەکشەممە، 22-12-2024) بەرێوەبەری گشتیی ژمێرکاریی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و تیمی تەکنیکیی وەزارەتەکە، بچنە بەغدا بۆ بەدواداچوونی کارەکانی تایبەت بە مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان. بریکاری وەزیری دارایی عێراقی فیدراڵ دەڵێت؛ بەرەو ئەوە دەڕۆن؛ کێشە هونەرییەکان کۆتایی پێبێت.
رێباز حەملان، بریکاری وەزیری دارایی عێراقی فیدراڵ دەڵێت، تەواوی ئەو رێکارانەی بۆ رێکخستنەوەی تەرازووی پێداچوونەوە (میزان مراجەعە)ـی مانگانەی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو تشرینی دووەم، مانگ بە مانگ وردبینییان تێدا کراوە و رێکخراونەتەوە، بەو شێوەیەی وەزارەتی دارایی عێراقی فیدراڵ داوای کردبوو.
دوایین هۆشداریی وەزیری دارایی عێراق
ئەوەی بریکاری وەزیری دارایی عێراق باسی دەکات، تەیف سامی بە نووسراوی ژمارە (4028) لە 19-2-2024 و نووسراوی ( 5594) لە 29-2-2024 داوای کردووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژی هیوا جەمال، لە دوایین کۆبوونەوەی 15ـی ئەم مانگە دواهۆشداری بە شاندی هەرێمی کوردستان دراوە، کە دەبێت بەزووترین کات تەرازووی پێداچوونەوە ئامادە بکەن، ئەگەرنا مووچە نانێردرێت و مافی هەرێمی کوردستان لە بودجە دا نادرێت، هەر بەو هۆیەوە وەزیری دارایی شاندێکی سێ کەسیی تەکنیکی ناردە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان.
نێوەڕۆکی سێ نووسراو لەبارەی تەرازووی پێداچوونەوە
بەگوێرەی سێ بەڵگەنامە، کە وێنەیان لای رووداوە، تەیف سامی کۆمەڵێک سەرنج و تێبینی هەبووە، بۆ نموونە نووسیویەتی؛ وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان پابەند نییە بە کاتی پێشکێشکردنی خشتەکانی دارایی مانگانە و گەڕانەوەی بۆ وەزارەتی دارایی عێراق، کە بەگوێرەی مادەی 34 و بڕگەی یەک، دەبێت هەموو یەکەکانی خەرجی پابەندبن بە پێشکێشکردنی خشتەی دارایی مانگانە بۆ وەزارەتی دارایی لەماوەی 10 رۆژی یەکەم بۆ وردبینی و یەکخستنی کۆی حیسابەکانی دەوڵەت.
هەروەها لە نووسراوەکەدا دەڵێت، گوژمەی خەمڵێندراوی داهاتەکان جێگرنەکراوە، وەکو ئەوەی لە یاسای بودجە بۆ هەرێمی کوردستان دا دانراوە.
جگە لەوانە، لە خشتەی خەرجییەکان وەزیری دارایی عێراق دەڵێت؛ بڕی دیاریکراوی ساڵانەی لە بودجەی هەرێمی کوردستان دیاری نەکراوە، هەروەها لەو نووسراوەدا کۆمەڵێک سەرنج و تێبینی دیکە دەخاتەڕوو.
بەگوێرەی نووسراوێکی دیکە کە هەر لەبارەی تەرازووی پێداچوونەوەی خەرجییەکان لە رێگەی نوێنەرایەتیی هەرێمی کورستان لە بەغدا ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە، پێنج تێبینی دیکەی داوە، ئەوانیش لەبارەی خشتەکانی داهاتی تایبەت بە سیستمی لامەرکەزی و نەگەڕانەوەی بۆ فەرمانگەی ژمێرکاری، هەروەها لەبارەی بوونی جووڵە لە هەژمار و تەرازووی پێداچوونەوە دەڵێت، نموونەی رەسیدی نووسراو لە هەژماری سندووقی بانکدا نییە.
هەرسێ خاڵەکەی دیکە هەر لەبارەی تەرازووی پێداچوونەوەیە کە یان نەگەڕاوەتەوە یان کێشەی تێدایە.
تەرازووی پێداچوونەوە چییە؟
تەرازووی پێداچوونەوە واتە بۆ هەموو کردارێکی دارایی دوو لایەن هەن؛ وەرگر و بەخشین.
مەرج نییە تەنیا حکومەت و دامەزراوە داراییەکانی دەوڵەت راپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوە ئامادە بکەن، بەڵکو دەکرێت دامەزراوە داراییەکانی دیکەی وەک، بانکەکان، کۆمپانیا بازرگانییەکان، کارگە و تەنانەت سەرمایەدار و دووکاندار و هەر دامەزراوەیەک کە مامەڵەی دارایی دەکات، بۆ خۆپارێزی لە هەڵە داراییەکان و مەترسیی گەندەڵی و بەفیڕۆدانی دارایی و پاراستنی شەفافییەت، پشت بە راپۆرتی خولی تەرازووی پێداچوونەوە ببەستێت.
تەرازووی پێداچوونەوە، راپۆرتێکی ژمێریارییە کە یەکەی داهات و خەرجکردن (وەرگر و بەخشەر)ـی ئەژمارێک لە "تۆمارێکی گشتیدا" لەخۆدەگرێت. ئەم راپۆرتە پشتڕاستی دەکاتەوە کۆی رەسیدی دامەزراوەکە (وەرگر) یەکسان و هاوسەنگە بە کۆی خەرجییەکانی (بەخشەر)ـی هەمان دامەزراوە، ئەمەش یەکپارچەیی و وردیی تۆمارە داراییەکان مسۆگەر دەکات. کۆی پرۆسەکەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ دوورکەوتنەوە لە هەڵەی دارایی.
تەرازووی پێداچوونەوە، هەنگاوێکی بنەڕەتییە لە ئامادەکردنی بەیاننامە داراییەکان، وەک: داڕشتنی بودجەی گشتی و بەڵگەنامەکانی داهات و خەرجی، چونکە داتای ورد و متمانەپێکراو دەدات، کە بەشدارە لە بڕیاردانی دارایی دروست. کەواتە، بەکارهێنانی تەرازووی پێداچوونەوە بە شێوەیەکی بەردەوام، توانای بەڕێوەبردنی بابەتە داراییەکان بە شێوەیەکی کاریگەر و ورد بەرزدەکاتەوە.
جێبەجێکردنی داواکارییەکانی عێراق
بریکارە کوردەکەی وەزارەتی دارایی عێراقی فیدراڵ دەڵێت، ئەوەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ داوایکردبوو، هەمووی دیاریکراوە، داواکارییەکانی بەغدا لەبارەی لیستی مووچە، خەرجیی بەکاربردن (تەشغیلی)، ئەو بڕە پارانەی لە بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان نێردراون و ئەو پارانەی لە هەرێمی کوردستانەوە لەسەر داهاتی ناوخۆ خەرجکراون بەتایبەت بۆ پرکردنەوەی مووچەی مانگانە.
رێباز حەملان دەڵێت 10 رۆژ دیاریکرابوو بۆ کردنی ئەو کارانە، دوێنێ کارەکان کۆتاییان پێهاتووە و ئەمڕۆ شاندەکەی هەرێمی کوردستان دەچێتە بەغدا بۆ دوایین پێداچوونەوە.
ئەمساڵ بەغدا چەند پارەی بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە؟
لە 11 مانگى رابردوودا، وەزارەتى دارایی فیدراڵ 8 تریلیۆن و 291 ملیار و 335 ملیۆن دینارى بۆ مووچەى 11 مانگى هەرێمى کوردستان ناردووە، لە کاتێکدا مانگانە هەرێمى کوردستان پێویستى بە زیاتر لە 998 ملیار دینارە بە پارەى هاوتاى مووچەى خانەنشینانیشەوە.
بەگوێرەى خشتەى بودجەى 2024ـی عێراق، تێکڕاى پشکى هەرێمى کوردستان بە هەردوو بودجەى بەکاربردن و وەبەرهێنان، 20 تریلیۆن و 920 ملیار دینارە، بڕى ئەو پارەیەى بۆ مووچەى هەرێمى کوردستان تەرخانکراوە 9 تریلیۆن و 556 ملیار و 348 ملیۆن دینارە.