ئەمساڵ قەبارەی پیشەسازیی رۆبۆت 39.2 ملیار دۆلار بووە؛ پار 32 ملیار بووە


رووداو دیجیتاڵ

لە چیاکانی ئێتنا لە ئیتاڵیا رۆبۆتێک بۆ کۆکردنەوەی بەرد بەکاردەهێندرێت. بەکارهێنەران لە دووریی 23 کیلۆمەترەوە فەرمانی پێدەکەن. هەروەها رۆبۆتێکی دیکە رووپێویی ژینگە دەکات لەڕێی هەستەوەر و کامێراوە. هەموو ئەمانە ئاماژەن بۆ زیادبوونی بەکارهێنانی رۆبۆت کە ئەمساڵ قەبارەی پیشەسازیی رۆبۆت گەیشتووەتە 39.2 ملیار دۆلار، لەکاتێکدا پار 32 ملیار دۆلار بووە. 
 
ستێفانۆ دافارا، تووێژەری زیرەکیی دەستکرد لە پەیمانگەی تەکنەلۆژیای ئیتاڵیا دەڵێت، "هەرکاتێک دەست لە شتێک دەدەم، لە هەر پەنجەیەک هەست بە لەرزین دەکەن، چونکە رۆبۆتەکەکان پێستێکی دەستکردیان هەیە لە سەری پەنجەکانیان".
 
ئێستا نزیکەی 2.7 ملیۆن رۆبۆتی پیشەسازی لە جیهاندا بەکاردەهێندرێن، ساڵانە نزیکەی 400 هەزار رۆبۆتی نوێ دەخرێنە بازاڕەوە. لەو ژمارەیە، زۆرترینیان لە پیشەسازیی ئۆتۆمبێل کاردەکەن کە 900 هەزار رۆبۆتن؛ لەدوای ئەویش پیشەسازیی کارەبا و ئەلیکترۆنزانی دێت کە 600 هەزار رۆبۆت و، دوای ئەویش پیشەسازیی کیمیایی دێت کە 200 هەزار رۆبۆت بەکاردەهێنن.
 
بەپێی خەمڵاندنی گۆڤاری هارڤارد بزنس، تاوەکو ساڵی 2025، رۆبۆتەکان 85 ملیۆن کار ناهێڵن کە ئێستا مرۆڤەکان دەیکەن، بەڵام 97 ملیۆن هەلیکاریش لە بەرامبەردا دروست دەبێت.
 
فیلیپۆ تینکۆلینی، خاوەن کۆمپانیای رۆبۆت باس لەوە دەکات، "ئەو کارسازانەی تائێستا ئامێزیان بۆ تەکنەلۆژیای رۆبۆت نەکردووەتەوە، نیگەرانن، چونکە دەترسن کار یان پیشەکەیان بدزرێت، بەڵام دوای نزیکبوونەوەیەکی سەرەتایی لە تواناکەیان تێدەگەن، بەکاری دەهێنن و ژیانیان دەگۆڕێت، چونکە دەتوانن کاری زیاتر و باشتر بکەن".
 
پێشبینی دەکرێت تاوەکو ساڵی 2030، بەهای بازاڕی رۆبۆتەکان بگاتە سەروو 88 ملیار دۆلار.