كوردستان خێر لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت نابینێ‌

22-12-2017
بیلال سەعید
نیشانەکردن نەوت کوردستان
A+ A-

رووداو- هەولێر

هەفتەی رابردوو، بەهای نەوت بەرزترین ئاستی لە ماوەی دوو ساڵ و نیوی رابردوودا تۆمار كرد، كاتێك گەیشتە 65 دۆلار و 77 سەنت، واتە بەراورد بە بەهای نەوت لە سەرەتای ساڵی رابردوو، نرخی هەر بەرمیلێك نەوتی برێنت 33 دۆلار بەرزبووەتەوە كە بە رێژە دەكاتە 122%. 


بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بەشێكی پەیوەستە بە درێژكردنەوەی رێككەوتننامەكەی نێوان ئۆپێك و بەرهەمهێنەرانی دەرەوەی ئەو رێكخراوە تاوەكو كۆتاییەكانی 2018، هەروەها هۆكارێكی دیكەی بەرزبوونەوەكە پەیوەندی بە دابەزینی بڕی نەوتی كۆگاكراوی ئەمەریكاوە هەیە.  

گۆڕانكارییەكانی بازاڕی نەوت لە دوای درێژكردنەوەی رێككەوتنی ئۆپیك، پرسیاری ناوەندە داراییەكانی جیهانە كە ئایا نرخی نەوت لە ساڵی 2018 چۆن دەبێت؟ بانكی كریدیت سویس پێشبینییەكانی خۆی بۆ نرخی نەوت لە ساڵی 2018 بەرزكردەوە و پێشبینی كردووە ئەندامانی ئۆپێك بە رێژەیەكی زیاتر پابەندی رێككەوتننامەكەیان بن، ئەوەش لەلایەكەوە هاوسەنگیی زیاتر بۆ بازاڕی نەوت دەگێڕێتەوە، لەلایەكی دیكەشەوە نەوتی كۆگاكراو لە وڵاتانی هاریكاریی ئابووری و گەشەپێدان دەچێتەوە ئاستی سرووشتیی خۆی. 

هەروەها بانكەكە پێشبینی دەكات نرخی یەك بەرمیل نەوتی برێنت لە ساڵی 2018 لەسەرووی 60 دۆلارەوە جێگیر بێت، ئەوە لەكاتێكدایە پێشتر بانكەكە پێشبینی كردبوو، نرخی یەك بەرمیل نەوتی برێنت لە ئاستی 53 دۆلاردا بێت. 

بۆیە دەكرێت بڵێین پێشبینی بۆ بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی نەوت لە چارەكی یەكەم و دووەمی ساڵی داهاتوو ئەستەمە، بەڵام بەهای نەوت كە ئێستا نرخەكەی لەنێوان 60 تاوەكو 65 دۆلارە، لەلایەن تەواوی وڵاتانی ئۆپێك و دەرەوەی ئۆپێك پێشوازی لێكراوە و خەمڵاندنی بودجەی ساڵی داهاتوویان پاڵپشت بە بەهای نەوت لە ژێر 60 دۆلارەوە كردووە، واتە چاوەڕێی گۆڕانی زیاتریان لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت نییە، لانیكەم تاوەكو ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو. 

هەرێمی كوردستان كە لە ساڵی 2014 وە دەستی بە هەناردەكردنی نەوت بەشێوەی سەربەخۆ لە رێگای بۆڕییەوە كرد، پێشتر زیاتر لەخەمی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتدا بوو لە بازاڕەكانی جیهان، بە ئومێدی دەستكەوتنی شایستەیەكی دارایی زیاتر لەوەی پێشتر لە بەغداوە دەستیدەكەوت. 

بەڵام بەهۆی رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر كە هەرێمی كوردستان لەیەككاتدا زیاتر لە نیوەی خاك و نەوتی خۆی لەدەستدا، ئێستا زیاتر لەخەمی دانوستاندن و گفتوگۆكردنە لەگەڵ بەغدا بە ئومێدی وەرگرتنی شایستەیەكی دارایی زیاتر لەوەی دوای 2014 بەهۆی فرۆشتنی نەوتەوە دەستیدەكەوت. 

حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و هێرشی داعش بۆ سەر كوردستان و هاتنی ژمارەیەكی زۆر ئاوارە، توانای جێبەجێكردنی پلانی ئابووریی سەربەخۆی نەماوە و پلانەكەی شكستی هێناوە، بەتایبەت بەهۆی رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر. 

بۆیە ئەو قەیرانە ئابوورییەی لەناوەڕاستی ساڵی 2014 وە رووی لە هەرێمی كوردستان كردووە، لەسەرەتای ساڵی 2016 بەدواوە بەشێوەیەكی كرداری زیاتر دەركەوت، ئەویش بەجێبەجێكردنی سیستەمی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران، ئێستاش كە لەكۆتایی 2017داین، باری هەرێمی كوردستان زۆر خراپترە.  

لەبەرئەوە پرسیاری سەرەكی نێو حكومەت و پسپۆڕانی ئابووری و سیاسی كوردستان ئەوەیە ئەگەر حكومەتی عێراق ئامادەی گفتوگۆ و دانوستاندن نەبێت، بەتایبەت پێش هەڵبژاردنەكانی عێراق، ئایا حكومەتی هەرێمی كوردستان توانای دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی دەبێت یان نا؟ 

بەپێی زانیارییەكان ئێستا داهاتی مانگانەی نەوتی كوردستان نزیكەی 500 ملیار دینار دەبێت، لەكاتێكدا شاندی حكومەت لەدوایین كۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی پەرلەمان رایگەیاندووە كە لە باشترین حاڵدا، داهاتەكەی 400 ملیار دینارە. 

زیاتر لە 80%ی داهاتی حكومەتی هەرێمی كوردستان پشت بە داهاتی ئەو نەوتە دەبەستێ‌ كە خۆی دەیفرۆشێ‌، لەكاتێكدا داهاتی نەوت لە پرۆژە یاسای بودجەی 2018ی عێراق زیاتر لە 85%ی داهاتەكەی پێكدێنێ‌، واتە گۆڕانێكی باش لە زیادبوونی داهاتی نانەوتی لە داهاتی گشتی هەرێمی كوردستان هەیە، بەڵام كەموكورتی سەرەكی لەزیادكردنی داهاتی نانەوتی لەكوردستان ئەوەیە كە رێگای زیادكردنەكە هەڵەیە، لەجیاتی فرەڕەنگكردنی ئابووری، پشت بە زیادكردنی باج و رسومات و گومرك بەستراوە كە رێگایەكی هەڵەیە، لەبەرئەوەی كاتی جێبەجێكردنی ئەم پرۆسەیە ناتەبایە لەگەڵ كەمبوونەوەی داهاتی تاك لە كوردستان. 

بۆیە نەوت بەشێوە ئاسانەكە هێشتا فڕیادڕەسی داهاتی گشتیی كوردستانە، بەڵام ئایا نرخی نەوت و ئاستی بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوتی كوردستان لە ئاستێكدایە كوردستان بتوانێت داهاتی پێویست بۆ خەرجییە گشتییەكانی دابین بكات؟ 

ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان و كەركووك پێش رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر زیاتر لە 600 هەزار بەرمیل بوو، بەڵام ئێستا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت رۆژانە نزیكەی 300 هەزار بەرمیلە. تێكڕای هەناردەی رۆژانەی نەوتی كوردستان لە رێگەی بۆڕیی - جەیهان لە تشرینی دووەمی ئەمساڵدا 268 هەزار و 589 بەرمیل بووە، بەڵام بەپێی خەمڵاندنەكان، هەرێمی كوردستان ساڵی داهاتوو رۆژانە توانای هەناردەكردنی 284 هەزار بەرمیل نەوتی دەبێت. 

بەڵام ئایا بە هەناردەكردنی 284 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ بازاڕەكانی جیهان و بەهای نەوت لە 60 دۆلار كەمتر نەبێت، كوردستان توانای زیادكردنی داهاتی گشتی دەبێت؟ بەدڵنیاییەوە نەخێر، لەبەرئەوەی كۆمپانیاكانی كەرتی نەوت لە كوردستان لە باشترین كاتدا توانای زیادكردنی ئاستی بەرهەمهێنانیان دەگاتە 300 هەزار بەرمیل نەوت، هەروەها بەهای نەوتی كوردستان لە بازاڕەكانی جیهاندا بەنزیكەی 10 دۆلار كەمتر لە نرخی نەوتی برێنت دەفرۆشرێ. 

بۆیە ئاستی بەرهەمهێنان و نرخی نەوت لە ساڵی داهاتوو لە بەرژەوەندیی كوردستان نابێت، چونكە لەباشترین قۆناغی بەرهەمهێناندا، كۆمپانیاكانی نەوت ئەگەر توانای خۆیان بگەیەننە 300 هەزار بەرمیل (ئەگەرچی لەو بارودۆخە ناجێگیرە سیاسی و ئەمنییەی لە سنوورەكانی كوردستان و كەرتی وەبەرهێنانی كوردستاندا هەیە ئەستەمە)، هەروەها بەهای نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا لە 60 دۆلار پاشەكشە نەكات و كوردستان بتوانێت لە فرۆشتنی یەك بەرمیل نەوت 50 دۆلاری بۆ بمێنێتەوە، ئەوا داهاتی مانگانەی لە فرۆشتنی نەوت دەگاتە 450 ملیۆن دۆلار، بۆیە تەنیا رێگەچارە لە بەردەم كوردستان بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتە، نەك چاوەڕێی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بێت كە لەژێر كۆنترۆڵی بازاڕی جیهانی و وڵاتانی زلهێزی جیهاندایە. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە