وەزیری سامانە سرووشتییەکان: تورکیا و هەرێمی کوردستان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت ئامادەن

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە 26ـی حوزەیرانەوە بە بەردەوامی 80 تاوەکو 85 هەزار بەرمیل لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە رادەستی حكومەتی فیدراڵ کراوە، گوتیشی "لایەنی تورکی و حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەین، تەنیا بابەتی بەرهەمهێنان و گواستنەوە چارەسەر بکرێت لەلایەن وەزارەتی نەوتی حکومەتی فیدراڵییەوە، هەناردەی نەوت دەستپێدەکاتەوە."
 
رۆژی 12ـی تشرینی دووەمی 2023، وەزیری نەوتی حکومەتی فیدراڵ لەگەڵ شاندێکی باڵا، سەردانی هەولێریان کرد و لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیران و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە؛ ئامانج لە سەردانەکە ئامادەکاری بوو بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان.
 
لەبارەی لێكتێگەیشتن و بەرەوپێشوەچوونی كارەكان، بەپێی ئەو رێكکەوتنەی لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق هەیە، كەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەكانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەوەكالەت بە میدیای حکومەتی راگەیاند، "لە رووی تەکنیکییەوە، ئێمە کێشەیەکی وامان نییە، لایەنی تورکیش ئامادەییان دەربڕیوە بۆ وەرگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان، تەنیا کێشەکە لەوەدایە کە لە بودجەی عێراقدا ئەوە دەستنیشان کراوە بۆ بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێك نەوت بۆ كۆمپانیاكان، هەشت هەزار و شەش سەد و نۆ دینارە. کۆمپانیای بەرهەمهێنانی ئێمە ناتوانن بەو گوژمەیە بەرمیلی بەرهەمبهێنن."
 
كەمال محەممەد گوتی "شاندی عێراقی فیدراڵ، وەکو وەزارەتی نەوت، کەسانی پسپۆڕیان تێدایە و دەزانن بەو ژمارەیە ناتوانرێت نەوت بەرهەم بهێنرێت، بەڵام ئەوان هەندێک داواکارییان هەبوو، کە نموونەیەک بدەینەوە ئەوان و ئێمەش پێمان داون، هەروەها سیڤیی کێڵگە نەوتییەکانیشمان پێداون؛ بۆیە داوا کرا ئەو ژمارەیە راست بکرێتەوە تاوەکو کۆمپانیاکانیش بتوانن دەست بە بەرهەمهێنان بکەنەوە؛ بۆ ئەوەش شاندی حکومەتی فیدراڵ، داوای چەند داتایەکیان لە ئێمە کردووە تاوەکو بۆیان ئامادە بکەین؛ ئێمەش رۆژی 19ـی تشرینی دووەم، ئەو داواکارییەی ئەوانمان جێبەجێ کرد و بەشێوەیەکی فەرمی بۆمان ناردن؛ بۆیە ئێمە چاوەڕێین لە کاتێکی نزیکدا پێش یەکی كانوونی یەكەم، دەست بە دانوستاندن بکەینەوە."
 
وەزیری سامانە سرووشتییەكان بەوەكالەت گوتی، "بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، لایەنی تورکی و حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەن، تەنیا بابەتی بەرهەمهێنان و گواستنەوە چارەسەر بکرێت لەلایەن وەزارەتی نەوتی حکومەتی فیدراڵییەوە، هەناردەی نەوت دەستپێدەکاتەوە."
 
هەرێمی کوردستان رۆژانە توانای بەرهەمهێنانی 400 هەزار بەرمیل نەوتی هەیە؛ لە 26ـی حوزەیرانەوە بە بەردەوامی 80 هەزار تاوەکو 85 هەزار بەرمیل لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە رادەستی حكومەتی فیدراڵ کراوە، لەسەر ئەو بنەمایەش بودجەی هەرێمی کوردستان دابین دەکرێت، ئەوە بە گوتەی وەزیری سامانە سرووشتییەکان بەوەکالەت. 
 
زیاتر لە 240 رۆژە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان راگیراوە، کە تائێستا زیانی زیاتر لە حەوت ملیار دۆلاری لە داهاتی عێراق داوە.
 
چوارشەممە 22-11-2023 فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ میدیای ئەمریكی رایگەیاند، "تورکیا ئامادەبوو هەناردەکردنی نەوتی کوردستان دەستپێبکاتەوە." وەزیری دەرەوەی عێراق راشیگەیاند، بەنیازە مانگی داهاتوو بۆ ئەم مەبەستە سەردانی تورکیا بکات."