وەزیری دارایی: پرۆژەی 'هەژماری من' لە سلێمانی و دهۆک دەستپێدەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە چەند رۆژی داهاتوودا سەرجەم فەرمانبەرانی پارێزگای هەولێر بە پڕۆژەی "هەژماری من"ـەوە دەبەسترێنەوە و سەرەتای مانگی داهاتووش دەست بە تۆمارکردنی فەرمانبەرانی سلێمانی و دهۆک دەکرێت.
 
رۆژی چوارشەممە 22ـی تشرینی دووەمی 2023، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "پرۆژەی هەژماری من لە چەند رۆژی داهاتوودا لە هەموو پارێزگای هەولێر تەواو دەبێت و سەرەتای مانگی داهاتووش لە سنووری سلێمانی و دهۆک دەست پێ دەکات".
 
ئاوات شێخ جەناب دەڵێت، "پڕۆژەکە پشت بە پێنج بانک دەبەستێت کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە متمانەیان پێ کراوە. لەو دوو ساڵەی کە بۆی تەرخانکراوە سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و فەرمانبەرانی کەرتی تایبەتیش دەخرێنە سەر ئەو سیستمە و بە شێوەیەکی لێ دێت کە هەموو هاووڵاتییەک لە رێگەی ڤیزە کارتەوە مووچەکەی وەربگرێت و لە هەموو شوێنە پێویستەکانیش ئامێر دادەنرێت و تەنانەت لە هەموو ئەوروپا و جیهانیش پارەکە بەکاربهێنن".
 
بە گوتەی وەزیری دارایی، "لە رێگەی پڕۆژەی هەژماری منەوە رۆتینیاتی وەرگرتنی مووچە و کێشەی نەختینە چارەسەر دەبێت و هاووڵاتییان دەتوانن سوود لە خزمەتگوزارییەکانی وەکو قەرزی بانکەکان ببینن و ئومێدیشمان هەیە دوای ماوەیەک قەرزی مووچەی فەرمانبەرانیش چارەسەر بکات".
 
ئاوات شێخ جەناب لەبارەی چارەسەرکردنی مووچەی سێ مانگی کۆتایی 2023ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان گوتی، "حکومەت دوایین پێداچوونەوەی خەرجی و داهاتەکانی ناردووەتە بەغدا و تیمیشمان ئامادەیە بۆ دانوستاندن لەسەر ئەم پرسە بچێتەوە بەغدا. ئەوەی لە سەرۆکوەزیرانی عێراقیشەوە پێمان گەیشتووە ئەوەیە کە ئامادەیی هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان".
 
وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، "ئەوەی لەسەر هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی و ئابوورییە جێبەجێ کراوە و هیچ کێشەیەک لای ئێمە نەماوە و چاوەڕوانی بەغداین".
 
شوباتی ئەمساڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی "هەژماری من"ـی راگەیاند. بەپێی حکومەت، "بەهۆی ئەو دەستپێشخەرییەوە، فەرمانبەرانی کەرتی گشتی، خانەنشینان و هێزە ئەمنییەکان بەشێوەیەکی پارێزراو و شەفاف لە رێگەی تۆڕێک لە ئامێری پارەڕاکێشان (ATM)ـەوە کە زیاتر لە هەزار بنکە لە تەواوی هەرێمی کوردستان دادەنرێن، دەتوانن دەستیان بە مووچەکانیان بگات. ئەوەش ئاسانکاری دەکات بۆ دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە بانکییە مۆدێرنەکان، لەوانەش قەرز، پاشەکەوتکردن و پارەدانی دیجیتاڵی".