سعودیە دەنگۆی زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوتی ئۆپێک پڵەس رەتدەکاتەوە


رووداو دیجیتاڵ

سعودیە راپۆرتێکی رۆژنامەی وۆڵ ستریت رەتدەکاتەوە گوایە ئەندامانی ئۆپێک پڵەس لە کۆبوونەوەی داهاتوویاندا تاوتوێی زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی نیو ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە دەکەن و رایگەیاند، ئەو کەمکردنەوەیەی بەرهەمهێنانی نەوت کە پێشتر بڕیاری لەسەر دراوە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2023 کاری پێدەکرێت. دوای هەواڵەکەش نرخی نەوت 5 دۆلار بەرزبووەوە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی راپۆرتێکی بڵاوکردەوە و تێیدا باسی لەوە کردبوو سعودیە دەیەوێت لە کۆبوونەوەی داهاتووی ئۆپێک پڵەسدا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی گرووپەکە زیادبکات. باسی لەوەش کرد، ئێستا گفتوگۆ لەبارەی زیادکردنی 500 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لە کۆبوونەوەی داهاتووی ئۆپێک پڵەس دەکرێت، کە بڕیارە رۆژی 4ـی مانگی داهاتوو بۆ بڕیاردان لەبارەی ئاستی بەرهەمی نەوتی گرووپەکەوە کۆببێتەوە.
 
لە وەڵامی ئەو راپۆرتەدا، ئاژانسی فەرمیی سعودیە شەوی دووشەممە 12-11-2022 رایگەیاند، شازادە عەبدولعەزیز بن سەلمان، وەزیری وزەی سعودیە "بەتووندی ئەو راپۆرتە رەتدەکاتەوە".  
 
میدیای فەرمیی سعودیە لە زاری شازادە عەبدولعەزیزەوە بڵاویکردەوە، "ئەوەی بەباش دەزانرێت و نهێنیش نییە، ئەوەیە کە ئۆپێك پڵەس پێش کۆبوونەوەکانی هیچ بڕیارێک تاوتوێ ناکات".
 
بڕیارە کۆبوونەوەی داهاتووی ئۆپێک پڵەس لە رۆژی 4ـی مانگی داهاتوو بکرێت.
 
بڕیارەکەی مانگی رابردوو بۆ کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی 2 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا گرژییەکانی نێوان سعودیە و ئەمریکای زیاتر کرد؛ ئەمریکا رەخنەی تووندی لە بڕیارەکە گرت بەوەی سعودیە لە شەڕی ئۆکراینادا بووەتە "هاوپەیمانیی رووسیا".
 
لە بەرامبەر رەخنەکانی واشنتن، بەرپرسانی سعودیە بەتووندی بەرگرییان لە بڕیارەکەی ئەمدواییەی ئۆپێک پڵەس بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت کردووە رایانگەیاندووە، بڕیارەکە تەنیا بەهۆی بارودۆخی بازاڕەوە بووە و دەکرێت لەگەڵ گۆڕانی بازاڕدا بگۆڕێت.
 
وەزیری وزەی سعودیە شەوی دووشەممە هەمان هەڵوێستی دووپاتکردەوە و رایگەیاند: "ئەو کەمکردنەوەی ئێستا [لە بەرهەمهێنانی نەوت] بە بڕی 2 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا لەلایەن ئۆپێک پڵەسەوە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2023 بەردەوام دەبێت و، ئەگەر پێویست بکات لەرێی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانەوە رێوشوێنی زیاتر بگیرێتەبەر بۆ هاوسەنگکردنی خواست و خستنەڕوو، هەمیشە ئامادەین دەستوەردان بکەین".
 
راپۆرتەکەی وۆڵ ستریت لەکاتێکدایە نرخی نەوت لە ماوەی رابردوودا نزیکەی 10٪ـی نرخەکەی لەدەستداوە، دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکەش نرخی نەوت زیاتر لە 5 دۆلار دابەزی و لە نزیکەی 88 دۆلارەوە بۆ 82 دۆلار 55 سەنت دابەزی.
 
دوای رەتکردنەوەی هەواڵەکە لەلایەن سعودیەوە، نەوت قەرەبووی زیانەکانی کردەوە و گەڕایەوە ئاستی پێشووی؛ نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت لە 82 دۆلار و 55 سەنتەوە بۆ 87 دۆلار و 32 سەنت و نرخی نەوتی سووکی رۆژئاوای تێکساسیش لە 75 دۆلار و 83 سەنتەوە بۆ 79 دۆلار و 902 سەنت بەرزبووەوە.