رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رەزامەندی دا لەسەر گۆڕینی شێوازی گرێبەستی پاڵاوتنی بەنزین لە کەرکووک؛ هەروەها تیمێكی بۆ دانوستاندن لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکان بە مەبەستی جێبەجێکردنی پڕۆژەی گەیاندنی نەوەی پێنجەم پێکهێنا.
رۆژی سێشەممە، 22-10-2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە و ژمارەیەک بڕیاری دەرکرد کە دیارترینیان ئەمانە بوون:
- رەزامەندی دەربڕین لەسەر گۆڕینی شێوازی گرێبەستی دامەزراندنی پڕۆژەی یەکەی بەهایدرۆجیکردن و باشترکردنی بەنزینی وەبەرهێنانی بە توانای 12 هەزار بەرمیل رۆژانە لە پارێزگای کەرکووک، لە شێوازی وەبەرهێنان بە دامەزراندن، خاوەندارێتی و بەگەڕخستن BOO بۆ شێوازی دامەزراندن، بەگەڕخستن و گەڕانەوەی خاوەندارێتی/BOOT بە مەرجی پشتبەستن بە نرخی 23 دۆلار، ئەوەش وەک کرێی پاڵاوتنی هەر بەرمیلێک، وەک ئەوەی لەلایەن وەزارەتی نەوتەوە چەسپاوە.
- بۆ بەردەوامبوون لە رێکارەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەی مۆڵەتی نیشتمانیی مۆبایل، ئەنجوومەنەکە بڕیاریدا تیمێک بە سەرۆکایەتیی وەزیری گەیاندن پێکبهێنرێت بۆ دانوستاندن لەگەڵ کۆمپانیاکانی جیهان، کە شارەزا و کارامەن لە بواری بنیادنان و بەگەڕخستن و بەڕێوەبردنی تۆڕی مۆبایل بە تەکنیکی نەوەی پێنجەم (5 (G.
- ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا 12 ملیار دینار تەرخانبکرێت بۆ کڕینی سێ بەلەم بۆ هێزە ئەمنییەکان.
- پەسندکردنی راپۆرتی خولی سێیەمی تایبەت بە رێککەوتننامەی پاراستنی هەموو خەڵک لە شوێنبزربوونی زۆرەملێ. راپۆرتەکەش رەوانە بکرێت بۆ لیژنەی شوێنبەرزبوونی زۆرەملێ لە ئەنجوومەنی مافی مرۆڤ لە جنێڤ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ