ئێران و رووسیا لە لابردنی دۆلار لە مامەڵە بازرگانییەکانی نێوانیان نزیک دەبنەوە

22-10-2024
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئێران و رووسیا نزیکن لەوەی دۆلار لە مامەڵە بازرگانییەکانی نێوانیان لابدەن.

فەرمانگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتیی رووسیا (کرێملین) بڵاویکردەوە، ئێران و رووسیا لە زیاتر لە 96%ـی پارەی هاوبەشیاندا دراوی نیشتمانی بەکاردەهێنن.
 
فەرمانگەکە دەڵێت، "سەرکردایەتیی هەردوو وڵات گرنگییەکی زۆر بە پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکان دەدەن. گەشەی بازرگانیی هاوبەش لە ساڵی 2023، سەرەڕای دابەزینێکی دیاریکراو، زیاتر لە 4 ملیار دۆلار بووە". 
 
فەرمانگەکە ئاماژە بەوەش دەکات، لە مانگی یەک تاوەکو ئابی ئەم ساڵ قەبارەی بازرگانی لەگەڵ ئێران 12.4٪ زیاد بووە. لەو بازرگانییەش 96٪ـی بە تمەنی ئێرانی و رۆبڵی رووسی بووە، واتە ئێستا تەنیا 4٪ـی بازرگانیی ئێران و رووسیا بە دۆلار و دراوەکانی دیکەیە.
 
کرێملین باس لەوە دەکات، رووسیا و ئێران چەندین پڕۆژەی هاوبەشی بەرفراوان لە بوارەکانی گواستنەوە و وزەدا جێبەجێ دەکەن. 
 
بەپێی ئاماری گومرگی ئێران، هەناردەی نانەوتیی ئێران بۆ رووسیا لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی دارایی ئێران (20ـی ئادار تاوەکو 21ـی ئەیلوول) 12٪ بەرزبووەتەوە.
 
بەپێی ئامارەکانی گومرگەکە، ئێران لە نیوەی یەکەمی ئەم ساڵدا یەک ملیۆن و 300 هەزار تۆن کاڵای بایی زیاتر لە 494 ملیۆن دۆلار هەناردەی رووسیا کردووە.
 
لە سەرەتای مانگی تەمموزی ئەم ساڵیشدا ئێران و رووسیا رێککەوتن لەسەر بەکارهێنانی تمەن و رۆبڵ لەنێو خاکی یەکدی لەلایەن هاووڵاتییانی هەردوولاوە.
 
ئێران و رووسیا هەردووکیان لە ژێر گەمارۆی تووندی رۆژئاوادان. حکومەتی هەردوو وڵات چەندین جار رەخنەیان لە ئەمریکا و هاوپەیمانە ئەورووپییەکانی گرتووە کە دۆلار وەک ئامرازێک بۆ گوشارخستنە سەر وڵاتانی دیکە بەکاردەهێنن.
 
بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی "ئامرازەکەی" ئەمریکاش، وەک خۆیان دەڵێن، برەویان بە بەکارهێنانی تمەن و رۆبڵ لە مامەڵە بازرگانییەکانیان داوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە