رووداو دیجیتاڵ
چاوەڕوان دەکرێت عێراق لە ساڵی داهاتووەوە نەوت هەناردەی چیک بکات.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، رۆژی یەکشەممە فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە شاری پراگ لەگەڵ یان لیپاڤسکی، هاوتا چیکییەکەی کۆبووەتەوە.
بەگوێرەی میدیای ئەمریکی، لە ساڵی داهاتووەوە عێراق نەوت هەناردەی چیک دەکات و بەو جۆرەش دەبێتە جێگرەوەی نەوتی رووسیا بۆ ئەو وڵاتە.
ئەو نەوتەی عێراق هەناردەی چیکی دەکات، سەرەتا لە رێگەی کەشتیی نەوتهەڵگرەوە دەگوازرێتەوە، پاشان لە رێگەی بۆریی نەوتیی TAL لە ئیتاڵیاوە دەگاتە ئەڵمانیا و لەوێشەوە بە بۆریی IKL دەگوازرێتەوە چیک.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێت، لە کۆبوونەوەی هەردوو وەزیردا باس لە رێگەکانی زیادکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی هەردوولا و هەناردەکردنی نەوت بۆ چیک کراوە.
لە ساڵی 2022ـدا و پێش هەڵگیرسانی شەڕی ئۆکراینا، چیک 56%ی نەوتەکەی لە رووسیاوە هاوردە دەکرد. لە چارەکی یەکەمی ئەم ساڵدا رێژەکە بۆ 49% دابەزیوە.
دوای هەڵگیرسانی شەڕی ئۆکراینا لە شوباتی 2022 و سەپاندنی زنجیرەیەک سزای ئابووری لە لایەن رۆژئاواوە بەسەر مۆسکۆدا کێشە کەوتە نێوان رووسیا و رۆژئاوا لە بابەتی وزە. لە کۆتایی ساڵی 2022ـدا کۆمەڵەی وڵاتانی حەوت نرخی نەوتی هاوردەکراوی رووسیایان لە رێگەی دەریاوە لە 60 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک سنووردار کرد.
لەوکاتەوە وڵاتانی ئەورووپا بەدوای جێگرەوەی نەوت و گازی رووسیا و رووسیاش بۆ فرۆشیاری نوێی وزەکەی دەگەڕێن. رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش ئامانجی هەردوولایانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ