وەزارەتی ناوخۆی عێراق: بەڵێننامە بە 18 هەزار شوێنی بازرگانی پڕکراوەتەوە مامەڵە بە دۆلار نەکەن

22-10-2023
نەهرۆ محەممەد
نیشانەکردن ماراسۆنی هەولێر دۆلار
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، هەڵمەتێکیان دەستپێکردووە بۆ دەستگیرکردنی ئەوانەی یاری بە بەهای دینار بەرامبەر دۆلار دەکەن. دەشڵێت، بەڵێننامەیان بە نزیکەی 18 هەزار شوێنی بازرگانی پڕکردووتەوە، تەنیا مامەڵە بە دینار بکەن.
 
عەمید حوسێن تەمیمی، بەڕێوەبەری ئۆپەراسیۆنەکان لە بەڕێوەبەرایەتی تاوانی رێکخراو لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئەمڕۆ (یەکشەممە، 22-10-2023) بە میدیای فەرمیی عێراقی رایگەیاند، بۆ پشتیوانی لە بەهای دیناری عێراقی، لە مانگی ئایاری رابردووەوە هەڵمەتێکیان دەستپێکردووە بۆ دەستگیرکردنی ئەوانەی یاری بە دینار و دۆلار دەکەن و دراوی بیانی بە قاچاخ دەبەن.
 
عەمید حوسێن تەمیمی روونیکردەوە، وەزارەتی ناوخۆ بەڵێننامەی بە خاوەن پێشانگەکانی ئۆتۆمبێل، شوێنەکانی فرۆشتنی کەرەستەی کارەبایی، کۆمپانیای گەشتیاریی، کۆفرۆشەکان، خاوەن کۆمەڵگەکانی نیشتەجێبوون پڕکردووەتەوە، لەکاتی کڕین و فرۆشتندا، مامەڵە بە دۆلار نەکەن، بەپێچەوانەوە رووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبنەوە، کە زیندانی و پێبژاردنی داراییە.
 
بەڕێوەبەری ئۆپەراسیۆنەکان لە بەڕێوەبەرایەتی تاوانی رێکخراو لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاشکرای کرد، لە مانگی ئایاری رابردووەوە تاوەکو ئێستا (تشرینی یەکەم)، وەزارەتی ناوخۆیی عێراق 17 هەزار و 900 بەڵێننامەی بە واژۆ و دەستخەتی خۆیان لە خاوەن شوێنە بازرگانییەکان وەرگرتووە کە لەکاتی کڕین و فرۆشتندا مامەڵە بە دۆلار نەکەن.
 
هەرچەندە بانکی ناوەندیی عێراق، دۆلارێک بە 1310 دینار بە بانک و بازرگانەکان دەفرۆشێت، بەڵام ئێستا یەک دۆلار لە بازاڕەکاندا بە نزیکەی 1600 دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
 
بڕیار رەشید، ئەندامی لیژنەی ئابووری و پیشەسازیی و بازرگانی لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کارکردن و مامەڵەکردن بە تەنیا دیناری عێراقی، یەکەم: پێویستی بە بڕیارێکی گشتگیرانە هەیە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان. دووەم: پێویستە بانکەکان ئاسانکاریی تەواو بکەن، تاوەکو بازرگانەکان بتوانن لە چوارچێوەی رێکار و رێنماییەکان لە زووترین کات، دۆلار بە نرخی فەرمی وەربگرن، بۆ پارەدارکردنە بازرگانییەکان نەوەک زۆر دوابکەون. 
 
بەگوتەی ئەندامەکەی لیژنەی ئابووری و پیشەسازیی و بازرگانی لە پەرلەمانی عێراق، ئێستا گرفتی سەرەکی لە بانکەکانە، کە بازرگاکان بەدەستیانەوە گرفتارن، چونکە بانکەکان ناتوانن بە تەواوی و لەماوەی دیارکراودا دۆلار بۆ بازرگانەکان دابینبکەن.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە