ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق: هیچ کێشەیەک بۆ مووچەی فەرمانبەران دروستنابێت


رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رەتیدەکاتەوە هیچ کێشەیەک بۆ مووچەی فەرمانبەرانی عێراق دروستبێت و دەڵێت، ساڵی داهاتوو ئەگەر یاسای بودجەش نەبێت، ئەوا مووچەی فەرمانبەران هەر بەردەوام دەبێت. 
 
رۆژی شەممە، 22-10-2022، جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ساڵی داهاتوو ئەگەر یاسای بودجەی 2023ش پەسند نەکرێت، ئەوا هیچ کێشەیەک بۆ مووچەی فەرمانبەران دروستنابێت و دابەشکردنی مووچە بەردەوام دەبێت. 
 
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق گوتی، هەموو ئەو دەنگۆیانەی لەوبارەوە باس دەکرێن کە ئەگەر یاسای بودجە نەبێت، ئەوا مووچەی فەرمانبەرانیش نابێت، دوورن لە راستییەوە و تەنیا گوشاری سیاسین. 
 
جەمال کۆچەر دڵنیایی دایە فەرمانبەرانی عێراق و گوتی، دابەشنەکردنی مووچە و دابیننەکردنی خەرجییە پێویستییەکانی دیکەی رۆژانە، "واتە رووخانی دەوڵەت".
 
ئەمساڵ عێراق یاسای بودجەی نەبوو، بەڵام لەژێر رۆشنایی یاسای کارگێڕیی داراییدا بودجەی بەکاربردنی خەرج کردووە کە مووچەی فەرمانبەرانیش بەشێکە لە بودجەی بەکاربردن. 
 
مانگی هەشتی ئەمساڵ، گۆڤاری (CEOWORLD)ـی ئەمریکی بڵاویکردەوە، لە ساڵی 2022دا تێکڕای مووچەی فەرمانبەرانی حکومی لە عێراقدا دوای لێدەرکردنی باج 583 دۆلارە، بەمەش مووچەی فەرمانبەرانی عێراق لەسەر ئاستی جیهان 62مە. 
 
لەسەر ئاستی جیهان ئەو وڵاتانەی زۆرترین مووچە دەدەنە فەرمانبەرەکانیان بریتین لە:
 
- سویسرا 6142 دۆلار
- سەنگاپوورە 4350 دۆلار
- ئوسترالیا 4218 دۆلار
 
لەبارەی کەمترین مووچەش، سریلانکا لە خوارەوەی ریزبەندییەکەدایە و تێکڕای مووچەی فەرمانبەرانی 143 دۆلارە، پێش ئەویش پاکسانە کە مانگانە 163 دۆلارە.
 
عەلی عەللاوی، وەزیری دەستلەکارکێشەوەی دارایی عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لە تەممووزی 2020 دا رایگەیاند: "زیاتر لە 10٪ـی فەرمانبەرانی عێراق تەنیا ناویان لەسەر کاخەزە یان دوو مووچە وەردەگرن. جگە لەوە، عێراق مانگانە پێویستی بە حەوت تریلیۆن دینارە بۆ پێدانی مووچەی شەش ملیۆن و 500 هەزار مووچەخۆر و دابینکردنی خەرجییەکان."