ئەپیکور داوا دەکات بەزووترین کات هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە

22-09-2024
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان – ئەپیکور، داوای بەردەوامبوونی کۆبوونەوەکانی نێوان هەولێر و بە‌غدا دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.
 
رۆژی یەکشەممە 22ی ئەیلوولی 2024 کۆمەڵەی ئەپیکور لە راگەیێندراوێکدا داوای کرد، بە زووترین کات هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی بۆریی نەوتی عێراق - تورکیا دەستپێبکاتەوە. کۆمەڵەکە پێیوایە لێدوانەکانی ئەمدواییەی سەرۆکوەزیرانی عێراق هاندانێكە بۆ ئەوان کە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ هەناردەکردنی نەوت دەستپێبکاتەوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، ئەپیکور ئامادەیی ئەندامانی نیشانداوە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت، بەو مەرجەی دڵنیایی بدرێت هەقدەستی پێشوو و هەروەها داهاتووی کۆمپانیاکان بدرێت و مەرجە ئابووری و بازرگارنییەکانیشیان بپارێزرێن.
 
ئەپیکور ئاماژە بەو کۆبوونەوەی ئەم هەفتەیەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات، کە بڕیارە لە 24ی ئەم مانگە لە نیویۆرک بەڕێوەبچێت و داوا دەکات حکومەتی عێراق بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان کێشە هەڵپەسێدراوەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن و، بە زووترین کات پرۆسەی هەناردەکردنی نەوت دەستپێبکاتەوە.
 
لە 25ى ئادارى 2023وە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە راگیراوە، ئەوەش دوای بڕیارێکی دەستەی نێوبژیوانیی پاریس لەسەر سکاڵایەکی عێراق دژی تورکیا.
 
پێش راگرتنی هەناردەکردنی نەوت، رۆژانە 450 هەزار بەرمیل نەوت لەڕێگەی بۆڕی نەوتی عێراق - تورکیا رەوانەی بازاڕەکانی جیهان دەکرا.
 
ئەپیکور ئاماژە بە نوێترین لێدوانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ میدیای ئەمریکا لە 17ی ئەیلوول دەکات، کە رایگەیاندبوو، رەنگە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ ئەو پرۆسەیە دەستپێبکاتەوە. کۆمەڵەی ئەپیکوریش بۆ ئەو مەبەستە داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی سێ قۆڵیی نێوان بەغدا و هەولێر و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوتی لە هەرێمی کوردستان کردووە.
 
کۆمەڵەی ئەپیکور پشتگیریی دوایین راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات بەوەی رێککەوتنەکانی فرۆشتنی راستەوخۆی نێوان سۆمۆ و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بۆ دۆخی ئێستا باشترین بژارەیە. هەروەها پشتگیریی لە دیدگەی وەزارەتی نەوتی عێراقی دەکات بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ شەش ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا.
 
کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان - ئەپیکور لە هەشت کۆمپانیای بەرهەمهێنەری نەوت پێکدێت، بەگوێرەى خەمڵاندنەکانی، بەهۆى راگرتنى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستانەوە، زیانی 20 ملیار دۆلار بە سەرجەم لایەنەکان گەیشتووە.
 
هەروەها پەیکور ئاماژە بەوە دەکات ئەگەر عێراق هەناردەکردنی نەوت دەستپێبکاتەوە، مانگانە 24 ملیۆن دۆلاری بۆ دەگەڕێتەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە ئێستا بەهۆی پابەندنەبوونی بە مەرجی گرێبەستەکان، سزا دەدرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە