سوودانی گوتوویەتی 'ئاگاداری دواکەوتنی مووچە'ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نییە

دوێنێ کاژێر 09:11
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، پەیوەندی بە محەممەد شیاع سوودانییەوە کردووە و لەبارەی دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانەوە قسەی لەگەڵ کردووە، بەڵام گوتوویەتی "ئاگاداری دواکەوتنەکە نیم."
 
رۆژی پێنجشەممە، 22ـی ئاب شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: "لەسەر قسەی سوودانی، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق پەیوەندی پێوەکردم، نیگەرانییەکانم لەبارەی دواکەوتنی مووچەوە پێ راگەیاند، لە وەڵامدا گوتی کە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر خەتن."
 
پەیوەندییەکەی نێوان سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری دارایی لەگەڵ جێگری سەرۆکی پەرلەمان رۆژی 21ـی ئابی 2024 کراوە
 
لەبارەی هۆکاری پەیوەندییەکەوە شاخەوان عەبدوڵڵا رایگەیاندووە: راپۆرتی وەزارەتی دارایی عێراق گەیشتووەتە دەستیان (حکومەتی عێراق)، لە بارەى تێبینییەکانیان لەسەر لیستى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان کە 7 خاڵ بووە و گوایە وەکو "بیانوو" بۆ دواخستنی مووچەی فەرمانبەران بەکار دەهێندرێت، دەڵێت: "ئەو خاڵانە جگە لە بیانووی بێبنەما، پشتی بە هیچ دەقێکی یاسایی و واقعێکی حسابی نەبەستووە".
 
شاخەوان عەبدوڵڵا ئاماژەى بە قسەکانی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیران کردووە و "نیگەرانی" پێگەیاندووە بەوەى کە "هەرجارە و بە بیانوویەک مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان دوادەخرێت و هۆکاری سەرەکی ئەو بابەتەش وەزیری دارایی عێراقە و دەبێت ئەو دۆخە چاک بکرێت."
 
جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق دەڵێت: "نموونەی هەردوو خاڵی 4و5ی راپۆرتی وەزارەتی داراییم لەگەڵی باسکرد کە ناوەڕۆکەکەی دەڵێت: ئەو فەرمانبەر و مامۆستایانەی لە کەرکووک و خانەقینن نابێت حکومەتی هەرێمى کوردستان مووچەیان بدات و دەبێ ناویان رەشبکرێتەوە. گوتم ئەوانە هەمان ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانەن کە ساڵانێکە هەوڵدەدەین بگوازرێنەوە سەر حکومەتی ئیتحادی و خودی ئەو وەزیرە و ئەوانی پێشتریش رێگربوونە، ئێستا لەجیاتی گواستنەوەیان وەزیری دارایی داوای کردووە مووچەکانیان رابگرن".
 
تاوەکو ئێستا وەزارەتى دارایی حکومەتى فیدڕاڵ پارەى مووچەى مانگى تەممووزى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستانى نەناردووە بە پاساوى ئەوەى تێبینى لەسەرى هەیە. 
 
شاخەوان عەبدوڵڵا ئاماژەى بەوەداوە، لە دواى پەیوەندى تەلەفۆنى لەگەڵ سەرۆکوەزیران، تەیف سامى، وەزیرى دارایی پەیوەندیی پێوە کردووە و پێی راگەیاندووە کە ئەوەی دەکرێت ناحەقییە و پێچەوانەی دەستوورە و دەچێتە خانەی جیاکارییەوە، هەروەها پێچەوانەی بڕیاری دادگەی فیدراڵى و یاسای بودجەیە کە تێیدا پارەى تەرخانکراو بۆ مووچە و بودجە و هەرێمى کوردستان دیاریکراوە و دەنگی لەسەر دراوە.
 
جێگرى دووەمى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق رایگەیاند: وەزیرى دارایی عێراق هەندێک بیانووی هێناوەتەوە بەوەى ئەو هەڵەیەی فەرمانبەرانی کەرکووک چاک دەکرێت و بەشێکیشی دیوانی چاودێری دارایی بەرپرسە و لەگەڵ حکومەتی هەرێمى کوردستان لەسەر خەتن بۆ چارەسەرکردنیان.
 
بە گوتەی شاخەوان عەبدوڵڵا لە پەیوەندییەکەدا محەممەد شیاع سوودانی رایگەیاندووە کە: "ئاگاداری دواکەوتنی مووچە[ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان] نیم" 
 
21ى ئاب وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەى بەوەدا کە 31 رۆژە لیستی مووچەیان بۆ وەزارەتی دارایی عێراق ناردووە، بەڵام بەغدا تەنیا ملیارێک و 426 ملیۆن دیناری خەرج کردووە .
 
ئەوە لە کاتێکدایە پارەى مووچەى مانگانەى فەرمانبەرانى هەرێمى کردستان زیاتر لە 950 ملیار دینارە.
 
 شاخەوان عەبدوڵڵا دەڵێ: هەفتەی داهاتوو داوایەک ئاراستەی سەرۆککۆمار و وەزیرەکانی کورد لە بەغدا و سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکان دەکات بۆ کۆبوونەوە لەسەر ئەم پرسە و راگەیاندنی هەڵوێستێک لەو بارەیەوە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە