سۆران عومەر: وەزارەتی دارایی عێراق وردبینی لیستی مووچەی هەرێمی کوردستانی تەواوکرد

22-08-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی لیژنەی ئابووریی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی عێراق، وردبینیی لیستی مووچەی هەرێمی کوردستانی تەواوکرد، ئێستا لەبەردەست وەزیری دارایی عێراقە و چاوەڕێی بڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات.
 
سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووریی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 22-08-2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "ئەمڕۆ فەرمانگەی ژمێریاریی وەزارەتی دارایی عێراق وردبینی لە لیستی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی حەوت تەواوکرد و، تێبینییەکانی خۆی بەرزکردەوە."
 
بەگوتەی ئەو پەرلەمانتارە "لیستی مووچە و میلاکاتی 28 وەزارەت و سەرۆکایەتی و دەستە، ناوەکانیان کێشە و جیاوازیی زۆریان تێدایە، تەنیا دەستەی دەستپاکی، چاودێری دارایی و دەستەی ژینگە کێشەیان نەبووە، وەزارەتی دارایی نووسراوی پارەدارکردنی ئەو سێیانەی دەرکردووە، کە ملیارێک و 400 ملیۆن دینارە؛ بەڵام تاوەکو ئێستا پارەکەش نەگەیشتووە." 
 
سۆران عومەر دەڵێت، ئێستا لیستەکە بۆ وردبینی لەبەردەست تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراقە، ئەویش بۆ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەرزی دەکاتەوە، بۆ ئەوەی بڕیاری لەبارەوە بدات. 
 
رۆژی 21ـی تەمموزی 2024، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی تەممووزی مووچەخۆرانی رادەستی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵیی عێراق کرد. 
 
رۆژێک دواتر وەزارەتی دارایی عێراق دابەشکردنی مووچەی مانگی تەممووزی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراق دەستپێکرد، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ (22ـی ئاب) مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی تەمموزیان وەرنەگرتووە. 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە