دوای هەفتەیەک، دابەزینی نرخی نەوتی برێنت کۆتاییهات

رووداو دیجیتاڵ 

دابەزینی نرخی نەوتی برێنت لە رۆژی پێنجشەممە کۆتاییهات دوای ئەوەی بانکی فیدراڵیی ئەمریکا، ئاماژەی بەوە کرد بە ئەگەری زۆرەوە مانگی داهاتوو رێژەی سوودی بانکی کەمدەکاتەوە.
 
ئەمڕۆ (پێنجشەممە) دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی نەوتی برێنت 10 سەنت بەرزبووەوە و بە 76 دۆلار و 30 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
بەڵام نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا هەر بەردەوام بوو لە دابەزینەکانی یەک هەفتەی رابردووی خۆی و، 12 سەنتی دیکەی دابەزی و یەک بەرمیلی بە 72 دۆلار و 77 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 
رۆژی چوارشەممە نرخی نەوتی برێنت و تەکساس 1 دۆلاری دیکە لە بەهای خۆیان لەدەستدابوو.
 
بەپێی کۆنووسی کۆبوونەوەی کۆتایی مانگی رابردوو کە رۆژی چوارشەممە بڵاوکرایەوە، زۆربەی بەرپرسانی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لەگەڵ ئەوە بوون؛ لە مانگی ئەیلوولەوە دەست بە کەمکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی بکرێت.
 
کەمکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی دەتوانێت هاندانێک دروستبکات بۆ کۆمپانیاکان، بەو پێیەش خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت زیادبکات.
 
بانکی ئوسترالیی نیوزلاندی لەو بارەیەوە رایگەیاند، "ئاسۆی کەمکردنەوەی سوودی بانکی، کاریگەری ئەرێنی لە تێکڕای بازاڕی وزە دروستکردووە."
 
بەپێی شرۆڤەکارانی ئەو بانکە، کەمکردنەوەی سوودی بانکی توانیویەتی قەرەبووی ئامارە ئابوورییەکانی ئەمریکا و چین، دوو گەورە بەکارهێنەری گەورەی نەوت بکاتەوە کە ماوەی هەفتەیەکە هۆکاری دابەزینی نرخی نەوت بوون.