گوتەبێژی وەزارەتی دارایی: دوو ترلیۆن و 150 ملیار دینار قەرزی پێشینەکان لای هاووڵاتییانە


رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان دەڵێت، دوو ترلیۆن و 150 ملیار دینار قەرزی پێشینەکان لای هاونیشتمانییانە و رێنوێنیی نوێیان ئامادەکردووە بۆ ئەوەی کارئاسانی بۆ ئەو کەسانە بکرێت، کە پارەی پێشینەکانیان لەسەر کەڵەکە بووە.
 
رۆژی سێشەممە، 22ـی ئابی 2023، هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو بە رەنجە جەمال، پەیامنێری رووداوی راگەیاند، "لە 25ـی حوزەیران و 23ـی تەممووز، دوو نووسراومان لە نووسینگەی سەرۆکوەزیران و دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران پێگەیشت بۆ ئەوەی میکانیزمێکی گونجاو بۆ وەرگرتنەوەی پێشینەکان بخەینەڕوو، ئێستا وەزیری دارایی کۆمەڵێک پێشنیازی ئامادەکردووە و کۆنووسەکە پەسندکراوە و بڕیارە رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی بکەین".
 
گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان گوتی، ئەو پێشنیازانەی ئامادەیان کردوون کارئاسانیی زۆری بۆ هاونیشتمانییان تێدایە و لە ئاست ئەو دۆخ و گوزەرانەی ئێستای خەڵکی هەرێمی کوردستاندایە.
 
رێنوێنیی ژمارە نۆ کە تایبەت بوو بە کەفیلەکان، کێشەی زۆری بۆ فەرمانبەران دروستکردبوو، وەکو هونەر جەمال دەڵێت، "سکاڵای زۆرمان لەلایەن کەفیلەکانەوە پێگەیشتووە کە خاوەن قەرزەکان پارەکە نادەنەوە و ئەوەش وایکردووە مووچەی کەفیلەکە 100٪ رابگیرێت، فەرمانبەر هەبووە دوو مانگ مووچەی راگیراوە، بۆیە وەزیری دارایی بڕیاریدا پێداچوونەوە بە بڕیارەکەدا بکرێت و رێنمایی دەرچووەکە 20٪ـی مووچەکانیان ببڕێت".
 
ئەو گوتەبێژە باسی لەوە کرد، "چوار ترلیۆن و 100 ملیار دینار قەرزی پێشینەکان کە لە ساڵی 2008ـەوە بۆ ساڵی 2014 دراوە، لای هاووڵاتییان بووە و تاوەکو ئێستا لەو پارەیە ترلیۆنێک و 950 ملیار دینار گەڕاوەتەوە و ئێستا دوو ترلیۆن و 150 ملیار دینار لای هاووڵاتییانە، بەشێک لە هاووڵاتییان پابەندبوون و مانگانە قەرزەکانیان گەڕاندووەتەوە، ئەو رێنماییانەی دەرچوون، بۆ ئەوانەیە قەرزەکانیان لەسەر کەڵەکەبووە".
 
رۆژی دووشەممە، 21-08-2023، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و گوتی، "گۆڕانکاری لە میکانیزمی گەڕاندنەوەی قەرزەکان دەکرێت، بەجۆرێک رەچاوی دۆخی دارایی هاووڵاتییان بکرێت. حکومەتی هەرێمی کوردستان مەبەستێتی گوشار و بارگرانی لەسەر هاونیشتیمانییانی هەرێمی کوردستان دروست نەبێت و میکانیزمی پێشوو لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییاندا گۆڕانکاری بەسەردا دێت."
 
له‌ هه‌رێمی كوردستان 28 بانكی پسپۆڕی هه‌یه‌ كه‌ پێشینه‌یان بە هاونیشتمانییان داوە و بەسەر بەشەکانی: خانووبه‌ره‌، پیشه‌سازی، كشتوكاڵ و نیشته‌جێكردن دابەش بوون.
 
03-07-2023  شیرین حوسێن، بەڕێوەبەری گشتیی بانکە پسپۆڕییەکانی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "هەر کەسێک قەرز دەکات، دەبێت کەسێک کەفیلی بێت کە فەرمانبەری حکومەت بێت، واتە هەر کەسێک قەرزی پێشینەی کردبێت و کەفیلەکەی فەرمانبەر بێت، ئەگەر خۆی قیستەکانی نەگەڕێنێتەوە ئەوە مانگانە 20٪ی مووچەی کەفیلەکەی دەبڕدرێت."
 
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەری بانکە پسپۆڕییەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، تاوەکو ئێستا 231.474 كه‌س لە پێشینەکانی قەرزی نیشتەجێبوون، قەرزی بچووک، خانووبەرە، هاوژینی، کشتوکاڵ، پیشەسازی و گەشتیاری سوودمه‌ند بوون. له‌ پارێزگای هه‌ولێر 72 هەزار و 181 كه‌س له‌ پێشینه‌كان سوودمه‌ند بوون و ئەوانە بڕی 1.4 تریلیۆن دیناریان دراوەتێ و لەو بڕە نزیکەی 597 ملیار دینار گەڕێندراوەتەوە و 811 ملیار دیناریش ماوە.