وەزارەتی كشتوكاڵ هاوردەکردنی تەماتە قەدەخەدەکات


رووداو - هەولێر

وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێمی کوردستان لەبەر بەرژەوەندی جووتیاران هاوردەکردنی تەمامە تاوەکو کاتێکی نادیار قەدەخەدەکات و ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە لە 1ـی ئەیلوولەوە بڕیاری قەدەخەکردنە جێبەجێدەکرێت.

حوسێن حەمەکەریم، بەڕێوەبەری گشتیی باخداری و دارستان و پاوان لە وەزارەتی کشتوکاڵ، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند "لەسەر فەرمانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بە مەبەستی پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ و زیاتر دڵنەواییکردنی جووتیاران، بڕیارماندا بە قەدەخەکردنی هاوردەکردنی تەماتە لە 1ـی ئەیلوولی ئەمساڵەوە تاوەکو کاتێکی نادیار".

بە گوتەی حوسێن حەمەکەریم وەزارەتی کشتوکاڵ ساڵانە باج لەسەر چەند بەرهەمێکی کشتوکاڵی هاوردەکراو لەکاتی پێگەیشتنی بەرهەمەکانی ناوخۆ دادەنێت، بەڵام ئەمساڵ "لەبەر نیگەرانییەکان و ئێشوئازاری جووتیارانی کوردستان، جەنابی وەزیر بڕیاری قەدەخەکردنی یەکجاری هاوردەکردنی تەماتەی دا".

بەڕێوەبەری گشتیی باخداری و دارستان و پاوان لە وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژەی بەوەشکرد "هەر کاتێک زانیمان نرخی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بەرزدەبێتەوە و بەرهەمی ناوخۆ کەمدەبێتەوە، ئەوکاتە بڕیاری دیکە دەدەین لەسەر هاوردەکردنی بەرهەمی دەرەکی".

بڕیارەکە دوای ئەو بەرنامەیەی بەرپرسار دێت، کە لەلایەن شەهیان تەحسینەوە پێشکەش دەکرێت. لەو بەرنامەیەدا هۆکارەکانی هەرزانبوونی نرخی تەماتەی خۆماڵی خرانەڕوو، هەروەها نیشاندرا بەهۆی ساخنەبوونەوەی بەرهەمەکانیان، ژمارەیەک جووتیار بەرهەمەکانیان فڕێدەدەن و داوا دەکەن حکومەت رێگەچارەیەکیان بۆ بدۆزێتەوە.