" 70%ی گەنمی ئەمساڵی سووریا لە رۆژئاوای كوردستان بەرهەم هاتووە"

22-08-2013
هێمن خۆشناو
A+ A-
رووداو - هەولێر

سەبارەت بە بڕی گەنمی بەرهەمهاتوو لە رۆژئاوای كوردستان زانیاری جیاواز هەن، بەڵام هەمووان لەسەر ئەوە كۆكن كە ئەمساڵ بەرهەمی گەنم لەچاو ساڵانی رابردوو زۆرتر بووە، زۆربەشی لەلایەن حكومەتی سووریا كڕدراوەتەوە.

ناوچەی جەزیرە یەكێكە لە ناوچە هەرە گرنگە كشتوكاڵییەكانی سووریا و رۆژئاوای كوردستان. بەشی هەرە زۆری گەنم، جۆ، نیسك و لۆكەی سووریا لەو هەرێمە بەرهەم دێت. ئەو بەرهەمانەش دەكەونە خانەی هەناردە بازرگانییەكان لەدوای نەوت و بەسەرچاوەیەكی گرنگی داهاتی ئەو وڵاتە دەژمێردرێن.

 90%ی زەوی ناوچەی جەزیرە بۆ چاندنی گەنم تەرخان دەكرێ. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو راستییە لە ساڵی 1970 بەدواوە رژێمی سووریا دەستیكرد بە كڕینی بەرهەمە كشتوكاڵییەكان لە جوتیارانی كورد لەو ناوچەیە. هەڕوەها بڕیاری دا ساڵانە پەینی كیمیاوییان بەسەردا دابەش بكات كە ئەمەش باشبوونی بژێوی جوتیارانی لێكەوتەوە.

لەدوای ساڵی 2003، بەهۆی بێبارانی لە رۆژئاوای كوردستان تا دەهات بەرهەمی گەنم و دانەوێڵە لە كەمی دەدا، ئەمەش جوتیارانی ئەو ناوچەیەی خستە ژێرباری قەرز و بێ بازاڕی. بەڵام ئەمساڵ بە پێچەوانەی 10 ساڵی رابردوو بەهۆی رێژەی زۆری باران لە جزیرەی رۆژئاوا و ناوچەكانی بن خەتێ، بەرهەمی گەنم ئێجگار زۆر بوو. 

محەممەد عیسا معۆ، جوتیارێكی كوردی ناوچەی سەرێكانیێ، بڕی بەرهەمی گەنم لەتەواوی جەزیرەی رۆژئاوا بە زیاتر لە 4 ملیۆن تۆن دەخەمڵێنێ و ئاماژەش بەوە دەكات كە دەوڵەت 75%ی گەنمی لە جوتیاران كڕیوەتەوە.

 محەممەد بە (رووداو)ی گوت "تەنیا 25%ی جوتیاران بەرهەمەكانیان نەفرۆشتە دەوڵەت، لە ترسی ئەوەی نەوەكو دەوڵەت پارەكەیان نەداتێ". عیسا بەرهەمەكەی خۆی بە دەوڵەت نەفرۆشتووە و گوتی "نزیكەی 100 تۆن گەنمم هەبوو، بە نرخێكی هەرزانتر لە نرخی دەوڵەت بە بارزگانێكم فرۆشت".

 ئەو جوتیارە لەدرێژەی قسەكانیدا باسی هەوڵەكانی دەوڵەتی كرد بۆ كڕینەوەی گەنمی جوتیارانی كورد "زۆربەی جوتیاران قەرزاری دەوڵەتن، دەوڵەت ئەمساڵ لەو قەرزانە خۆشبوو بۆ ئەوەی جوتیاران گەنمی پێ بفرۆشن".

سەرەڕای زۆریی بەرهەمی گەنم لە رۆژئاوای كوردستان، بەڵام محەممەد عیسا دەڵێت "ئەمساڵ بەهۆی ئەو بارودۆخەی لە سووریا و رۆژئاوا هەیە، دەوڵەت پەین و پێداویستییەكانی دیكەی كشتوكاڵی بۆ جوتیاران وەكو ساڵانی پێشوو دابین نەكرد، ئەمەش وایكرد ئەركی جوتیاران قورس بێ".

لە رۆژئاوای كوردستان دوو وەرزی كشتوكاڵی هەیە، وەرزی زستانە كە تێیدا گەنم دەچێندرێت و پشت بە باران دەبەستێ، وەرزی هاوینەش كە بە پلە یەك لۆكەی تێدا دەچێندرێت. 

ئیسماعیل عومەر، جوتیار و ئەندازیاری كشتوكاڵی دەربارەی بەرهەمی لۆكە بە (رووداو)ی گوت "ئەمساڵ رژێمی سووریا نە تۆوی لۆكە و نە پەینی كیمیایی بەسەر جوتیاراندا دابەش نەكرد، ئەمەش وایكرد جوتیار ئەمساڵ لۆكە نەچێنێ".

ئیسماعیل عومەر كە خەڵكی شارۆچكەی دێركا حەمكۆیە، پێیوایە بەرهەمی گەنم وەكو چاوەڕوان دەكرا زۆر زۆر بوو. لەمبارەیەوە دەڵێ "بەرهەمی گەنم لە تەواوی سووریا 3 ملیۆن و 500 هەزار تۆن بوو كە زیاتر لە 2 ملیۆن و 500 هەزار تۆن لە جەزیرە بەرهەم هاتووە". بەوپێیە 71%ی گەنمی سووریا لە رۆژئاوای كوردستان بەرهەم هاتووە.

ئەو ئەندازیارە كە سەرپەرشتی فرۆشتنی گەنمی جوتیارانیشی كردووە لە ناوچەكەی خۆیدا، ئاماژە بە مەینەتیەكانی جوتیاری كورد لە فرۆشتنی بەرهەمی ئەمساڵ دەكات و دەڵێ "بەبیانووی ئەوەی رژێم لەناوچە كوردییەكان نییە، جوتیاران ناچاربوون گەنمی خۆیان ببەنە ئەو 5 مەڵبەندەی لە قامیشلۆ و حەسەكە هەیە كە بۆ وەرگرتنی گەنم ئامادەكرابوو، ئەمەش باری جوتیارانی گرانتر كرد، بەتایبەتی كرێ و باركردن زۆر بە گران لەسەریان كەوت". 

ئیسماعیل عومەر باس لە رەوشی دەروونی جوتیاران دەكات لە كاتی فرۆشتنی بەرهەمەكانیان "هەندێكیان لەترسی ئەوەی رژێم پارەیان نەداتێ گەنمەكەیان لە ماڵەوە هێشتەوە. هەندێكی دیكەش لە ترسی بە تاڵانبردنی بەرهەمەكانیان لەلایەن بەرەی جەبهەتولنوسرا، بەرهەمەكانیان بە رژێم فرۆشت". 

بازرگانانی رۆژئاوا ئەمساڵ تۆنی گەنمیان بە 34 هەزار لیرە لە جوتیاران كڕییەوە، بەڵام رژێم بۆ ئەوەی بتوانێ جوتیار بەرەو خۆی رابكێشێ نرخێكی زیاتری بە گەنم داوە. ئیسماعیل عومەر لەوبارەوە دەڵێ "دەوڵەت بۆ ئەوەی سەرنجی جوتیاران بۆ لای خۆی رابكێشێ هەر تۆنێك گەنمی بە 37 لێرە لە جوتیاران كڕییەوە".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە