دوای کشانەوەی بایدن نرخی زێڕ بەرزبووەوە


رووداو دیجیتاڵ

نرخی زێڕ ئەمڕۆ دووشەممە لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، بەرزبووەوە و یەک ئۆنسەی بە 2404 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
بازرگانانی زێڕ بەدوای ئاماژەی نوێ دەگەڕێن کە لە چ کاتێکدا بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەست بە کەمکردنەوەی سوودی بانکی دەکات. دوای ئەوەی جۆ بایدن لە کێبڕکێی سەرۆکایەتیی ئەمریکا کشایەوە، بەهای دۆلار دابەزی و بەو هۆیەشەوە کاریگەی لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ داناوە.
 
کایل رۆدا، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکانی سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (کاپیتاڵ) رایگەیاند، "دابەزینی بەهای دۆلار و ناڕوونیی سیاسی لە ئەمریکا، دەبنە هۆکار بۆ پاڵپشتی لە نرخی زێڕ."
 
بەپێی راپرسییەکان، 97٪ـی بازرگانان پێیانوایە لە مانگی ئەیلوولدا بانکی ناوەندیی ئەمریکا سوودی بانکی کەم دەکاتەوە. کەمکردنەوەی سوودی بانکی لە ئەمریکا، خواست بۆ کڕینی زێڕ زیاد دەکات.
 
بازرگانانی زێڕ ئەم هەفتەیە چاویان لە ئامارەکانی پەیوەست بە خەرجیی بەکاربەرە لە ئەمریکا کە رۆژی هەینی بڵاودەبنەوە. ئاماری گرنگی دیکە کە ئەم هەفتەیە بڵاودەبنەوە، بریتین لە فرۆشی خانووبەرە لە ئەمریکا و ئاماری نوێی بازاڕی کاری ئەو وڵاتە کە کاریگەری لەسەر نرخی زێر دادەنێن.