گوتەبێژی حکومەت: ئەم هەفتەیە دابەشکردنی مووچەی مانگی شەش یەکلادەبێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سبەی شاندی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە بەغدا و گفتوگۆ لەبارەی ئەو خاڵانە دەکەن کە ماون، ئەگەر رێککەوتنەکانیش وەکو خۆیان جێبەجێ بکرێن، ئەم هەفتەیە دابەشکردنی مووچەی مانگی شەش یەکلادەبێتەوە.
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "شاندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا لەسەر زۆربەی بابەتەکان بە داهاتی نەوتی و نانەوتییەوە گفتوگۆیان کردووە و گەیشتوونەتە رێککەوتوون ئەوەی ماوەتەوە چەند بابەتێکی تەکنیکین کە سبەی یەکلادەکرێتەوە."
بە گوتەی پێشەوا هەورامانی، "هەوڵی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەیە یاسای بودجەی عێراق زوو بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و رێنماییەکانی بڵاوبکرێتەوە و بۆ وەزارەتەکان بنێدرێت، چونکە لەو کاتە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەنێردرێت کە لە چوارچێوەی ئەو شایستانە بابەتی مووچەی مانگانە دەبێت."
یەکشەممە، 23 رۆژ بەسەر دابەشنەکردنی مووچەی مانگی حوزەیران تێپەڕدەبێت. پێشەوا هەورامانی دەڵێت، "ئەگەر رێککەوتنەکانی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان وەکو خۆیان جێبەجێ بکرێن و هیچ گرفتێک نەیەتە پێشەوە، ئەوە ئەم هەفتەیە دابەشکردنی مووچەی مانگی شەش یەکلادەکرێتەوە."
یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵانى 2023، 2024 و 2025ـە و قەبارەى پارەکەى بۆ هەر ساڵێک 198 تریلیۆن و 910 ملیار و 343 ملیۆن و 590 هەزار دینارە؛ لەو بڕە 16 تریلیۆن و 609 ملیار 639 ملیۆن و 162 هەزار دینارى پشکى هەرێمى کوردستانە.
هەفتەی رابردوو شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بوون، دوای کۆبوونەوەکانیان رۆژی پێنجشەممە، 20ـی تەممووزی 2023، ئومێد سهباح، سهرۆكی دیوانی ئهنجوومهنی وهزیرانی ههرێمی كوردستان بە ئامادەبوونی تەواوی ئەندامانی شاندەکە، کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی رێکخست و گوتی، "پێنج رۆژە شاندی هەرێمی کوردستان لە بەغداین و لەگەڵ لایەنە فەرمییەکانی حکومەتی عێراق لە کۆبوونەوەداین لەبارەی جێبەجێکردنی یاسای بودجە. جەختمان لەسەر دوو بابەت کردووە؛ یەکەمیان: پاراستنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان. دووەمیان، زامنکردنی بەشە بودجە و تێکڕای شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان".
ئومێد سەباح راشیگەیاند، سەرەڕای تێبینیی زۆریان لەبارەی نادەستووریبوونی هەندێک دەقی مادە و بڕگەکانی بودجە، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی دەربڕیوە هەرچی پابەندییەک دەکەوێتە سەرشانی جێبەجێی بکات و زۆریشی جێبەجێ کردووە و "ئامادەیی خۆیشمان دەربڕیوە لە هەفتەی داهاتووەوە هەرچی پابەندیی دیکە هەیە کە بکەوێتە سەرشانمان جێبەجێی بکەین."