لە کرماشان گەرما مریشکی گران کردووە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری بازرگانی و پیشەسازیی کشتوکاڵی پارێزگای کرماشان دەڵێ: گەرما کاریگەریی لە دابینکردنی پێویستیی مریشکی ئەم پارێزگایەدا داناوە و ئەمەش وایکردووە نرخی مریشک لەم رۆژانەدا ناسەقامگیر بێت و مریشکیش کەم دەستبکەوێت.
نرخی پەسندکراوی هەر کیلۆیەک مریشک 73 هەزار تمەنە و لە مەیدانەکانیشدا هەر بەو نرخە دەفرۆشرا، بەڵام لەم رۆژانەدا نرخی مریشک لە پارێزگای کرماشان بۆ سەرووی 100 هەزار تمەن بەرزبووەتەوە.
سەعید جەوادی، بەڕێوەبەری بازرگانی و پیشەسازیی کشتوکاڵی پارێزگای کرماشان، ئەمڕۆ (شەممە، 22-7-2023) رایگەیاند "هۆکاری ناسەقامیگری لە نرخی گۆشت ئەوەیە؛ نرخی جوجەڵەی یەک رۆژە گران بووە، هەروەها دابینکردنی دانی مریشک کێشەی بۆ دروستبووە".
سەعید جەوادی دەڵێت "هۆکاری نەبوونی مریشک لە بازاڕ و بەرزبوونەوەی نرخەکەی بۆ گەرمبوونی هەوا و درەنگ بردنی جوجەڵە لە بەندەرەکانەوە دەگەڕێتەوە".
بەگوتەی سەعید جەوادی، لە پارێزگای کرماشان هۆکاری دیکەش بۆ گرانبوونی نرخی مریشک هەن، لەوانە "پارێزگا دراوسێکانی پارێزگای کرماشان، بۆ دابینکردنی پێویستیی خۆیان بۆ مریشک، مریشک لە پارێزگای کرماشانەوە هاوردە دەکەن".
بەڕێوەبەری بازرگانی و پیشەسازیی کشتوکاڵی پارێزگای کرماشان ئاماژەی بەوە کردووە، "زیاتر لە 200 تۆن مریشکی بەستوو و 400 تۆن گۆشتی بەستووی کۆگاکراو هەن، کە چاوەڕێی بڕیاری تارانن بۆ ئەوەی بەگوێرەی پێویست دابەشیان بکەن".
بەپێی راپۆرتی کشتوکاڵی کرماشان، رۆژانە ئەم پارێزگایە پێویستیی بە زیاتر لە 90 تۆن مریشکە.