رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، وەزارەتی دارایی عێراق رێنماییەکانی تایبەت بە جێبەجێکردنی یاسای بودجەی تەواو کردووە و لای سەرۆکوەزیرانە، پێویستە لەم دوو رۆژەدا بڵاوبکرێتەوە و بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
خەلیل غازی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ (شەممە 22-07-2023) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "پێویستە سبەی یان دووسبەی، وەزارەتی دارایی عێراق رێنماییەکانی تایبەت بە جێبەجێکردنی یاسای بودجە بڵاوبکاتەوە تاوەکو یاساکە بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە".
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گوتی، "وەزارەتی دارایی عێراق، رێنماییەکانی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی تەواوکردووە و ناردوونەتییەوە بۆ لای سەرۆکوەزیران".
یاسای بودجەى گشتیى عێراق بەرەبەیانى 12ـی حوزەیرانى 2023 لە پەرلەمانى عێراق پەسندکرا؛ لە 21ـی حوزەیران لەتیف رەشید، سەرۆککۆمارى عێراق یاساکەى پەسند کرد و رەوانەى وەزارەتى دادى کرد بۆ ئەوەى لە رۆژنامەى وەقائیعى عێراقى بڵاوبکرێتەوە، کە دوا قۆناخى بەر لە کارابوونى یاساکەیە.
یاساى بودجە لە 78 مادە پێکهاتووە، لەکاتێکدا بەر لە ئەنجامدانى گۆڕانکارى لە هەندێک لە بڕگەکانیدا لە پەرلەمان 67 مادە بوو، کاتێک لە حکومەتەوە نێردرا.
رۆژی 26ـی حوزەیرانى 2023 ژمارەیەکى نوێى رۆژنامەى وەقائیعى عێراقى بڵاوکرایەوە کە یاساى بودجەى گشتیى تێدایە. یاساکە بۆ ساڵانى 2023، 2024، 2025ـە و قەبارەى پارەکەى بۆ هەر ساڵێک 198 تریلیۆن و 910 ملیار و 343 ملیۆن و 590 هەزار دینارە؛ لەو بڕە 16 تریلیۆن و 609 ملیار 639 ملیۆن و 162 هەزار دینارى پشکى هەرێمى کوردستانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ