پسپۆڕێکی بازاڕە داراییەکان: هەڵەیە پێتوابێت بە یاریی هامستەر دەبیتە ملیۆنێر
رووداو دیجیتاڵ
ژمارەی بەکارهێنەرانی یاریی "هامستەر" گەیشتە زیاتر لە 150 ملیۆن بەکارهێنەر. پسپۆڕێکی بازاڕە داراییەکان دەڵێت، ناکرێت ئەو ژمارە زۆرە لەبەرچاو نەگیرێت، بەڵام هەڵەشە "پێتوابێت بە هامستەر دەبیتە ملیۆنێر."
"هامستەر کۆمبات" یارییەکی ئەلیکترۆنییە لە رێگەی تێلێگرامەوە دادەبەزێندرێت. بەکارهێنەر لە رێگەی دەستلێدان [کلیککردن]ـی بەردەوام لەسەر یارییەکە لە شاشەی مۆبایلەکەیەوە، کۆین کۆدەکاتەوە.
بەکارهێنەران هیواخوازن ئەو کۆینەی کۆی دەکەنەوە ببێتە پارە، کاتێک دراوەکە لەسەر پلاتفۆڕمێکی دراوە دیجیتاڵییەکان لیست ببێت، بەو واتایەی لە رێگەی پلاتفۆڕمێکەوە مامەڵەی کڕین و فرۆشتن و راکێشانی پارەی تێدا بکرێت.
کاروان فەتحی، پسپۆڕی بازاڕە داراییەکان بە رووداوی گوت "هامستەر یان ئەو کۆینانەی لەسەر ئەپی تێلێگرام دروست دەکرێن، جیاوازن لە کۆین و پلاتفۆڕمەکانی دیکە."
دەنگۆ هەیە یاریی هامستەر زانیاریی بەکارهێنەران دەبات. کاروان فەتحی دەڵێت "هێشتا ئەمە دڵنیا نەبووەتەوە، بەڵام تێلێگرام بۆ بردنی زانیاریی بەکاربەران پێویستی بە هیچ ئەپ و کۆینێک نییە". گوتیشی، "هامستەر کۆمبات لەسەر تۆڕی تۆن کۆینە. دەکرێت تێلێگرام خۆی لەپشتیەوە بێت، چونکە بەکارهێنەری زیاد دەکات."
ئەو پسپۆڕە دەڵێت، بەوپێیەی بەکارهێنەری زۆری هەیە، هامستەر چاوی زۆری پلاتفۆڕمەکانی لەسەر دەبێت کاتێک لیست دەبێت. بۆ نموونە باینانس پێیوایە ئەگەر لیستی بکات، بەکارهێنەرانی دراوە دیجیتاڵییەکان زیاد دەبێت. دەشڵێت "ئەگەر چاوەڕوان بیت بە هامستەر ببیتە ملیۆنێر، هەڵەیت".
بەشێک لە شرۆڤەکاران دەڵێن، رەنگە دوای لیستبوونی هامستەر، پلاتفۆڕمەکان رێگە نەدەن کۆینەکە بفرۆشیت و بیکەیتە پارە. کاروان فەتحی دەڵێت: "هامستەر بۆیە بووە ترێند، چونکە شێوازگەلێکی بەهێزی بازاڕگەری بەکاردەهێنێت. رەنگە بۆ قۆناخی داهاتوو پلانی بەهێزتریشیان هەبێت، بەڵام بۆ خۆیان، مەرج نییە بۆ بەکارهێنەر بێت. ئەگەر لە پلاتفۆڕمەکە داوای 10 دۆلاریش بکرێت، پێویستە بەکارهێنەر نەینێرێت و متمانەی بە تەواوەتی پێی نەمێنێت."
لەبارەی ئەگەری قازانجکردنیشەوە لە رێگەی یارییەکەوە، کاروان فەتحی دەڵێت "ئاساییە و دوور نییە سەرەتا کۆمەڵێک قازانجی پێ بکەن، دواتریش بەرەو دابەزین و مایەپووچبوون بڕوات."
پسپۆڕەکەی بازاڕە داراییەکان دەشڵێت، "ناتواندرێت بە دڵنیایی بگوترێت هامستەر دەبێتە پارە یان نا، بەڵام دەبێت ئەو ژمارە زۆرەی بەکارهێنەران لەبەرچاو بگیرێت."
بەپێی دوایین داتاکان، ژمارەی بەکارهێنەرانی یاریی هامستەر گەیشتووەتە زیاتر لە 150 ملیۆن کەس. کاروان فەتحی دەڵێت "هێشتا دیار نییە لە بەرامبەر چەند کۆین لە یارییەکە، چەندت پێدەدرێت لە کاتی لیستبوونی."
یارییەکە لە 25ـی ئاداری ئەمساڵ دروستکرا، لە مانگی ئایاردا زیاتر بڵاوبووەوە و گەیشتە 100 ملیۆن بەکارهێنەر.
دروستکەرانی یارییەکە دیار نین و نازاندرێت کێن، بەڵام لە رێگەی ئایکۆنی هامستەر و بە دەنگی رۆبۆتییەوە پەیامەکانیان بڵاودەکەنەوە. دەشڵێن، لەم مانگەدا کۆینی هامستەر لیست دەبێت.